حکوومەتێ هەرێم بڕیارێکی دیکە بۆ مۆڵەتدانی فەرمانبەران دەردەکا

حکوومەتێ هەرێم بڕیارێکی دیکە بۆ مۆڵەتدانی فەرمانبەران دەردەکا
لەسەر داوای وەزارەتی دارایی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بڕیارێک سەبارەت بە چۆنیەتیی پێدانی مۆڵەتی ٥ ساڵی بە فەرمانبەران دەردەکا.

لە نووسراوێکی وەزارەتی داراییدا کە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی رەوانە کردووە، ئەوە خراوەتە روو کە چەند رێنماییەک لە فەرمانگەکانی حکوومەت پێڕەو دەکرێت لە پێدانی مۆڵەت بە فەرمانبەران.



وەزارەتی دارایی روونی کردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی (خاوەن پلە تایبەتەکان و پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و مامۆستایان و پزیشکان و دەرمانسازان) لە رێنمایی مۆڵەتی پێنج ساڵی فەرمانبەران بەدەر کراون، بەڵام ھەندێک لەو توێژانە لە لایەن ھەندێک وەزارەت مۆڵەتیان پێ دراوە.



وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەش بەڵگەی ئەوەی خستۆتە روو کە وەزارەتی پەروەردە، بەدەر لەو رێنماییە مۆڵەتی بە مامۆستایان داوە و کاری بە رێنماییەکانی پێشووتر کردووە.

وەزارەتی دارایی بە ئەنجومەنی وەزیرانی گوتووە: “پێمان باشە ئاگادارمان بکەنەوە لەسەر ئەم بابەتە، ئەمەش لەپێناوی ئەوەی کە جیاوازی لە پێدانی مۆڵەتدا دروست نەبێت، ئایا کار بە بریارەکانی ترتان سەبارەت بە مۆڵەتی بێ مووچە دەکرێت کە لە ٥ ساڵ کەمترە یان نە؟ ئەگەر کاری پێ دەکرێت پێمان باشە تەنھا بۆ ئەژماری خزمەت بێت”.



سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ٤ی ١٠ی ٢٠١٥ بە نووسراوێک کە واژۆی سەرۆکی حکوومەتی لەسەرە، وەڵامی وەزارەتی دارایی داوەتەوە.



بەپێی ئەو وەڵامە، لە پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچەدا، دەسەڵات تەنھا بە وەزیری یان سەرۆکی فەرمانگەی نەبەستراو بە وەزارەت دراوە کە مۆڵەت بە فەرمانبەرانی بدات.

ھەروەھا مامۆستایان و پزیشکان و خاوەن پلە تایبەتەکان، بۆیان دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ مۆڵەتی بێ موچە وەربگرن، بەڵام ئەو ماوەیە بە خزمەت ئەژمار ناکرێت بۆ خانەنشینی سوودی لێ وەرناگرێت.



لەبارەی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیشەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە: "بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و ئەوانەی لە بواری راژەی سەربازی و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن لە رووی یاساییەوە بە فەرمانبەری مەدەنی ئەژما ناکرێن، بۆیە مۆڵەتی بێ مووچەی درێژخایەتن ئەوان ناگرێتەوە، بەڵکو بڕیارەکە تەنھا باسی فەرمانبەری کردووە و پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یاسای تایبەتی خزمەتی سەربازی و پێشمەرگایەتی دەیانگرێتەوە”.



بە بڕیاری ژمارە ٣٨، لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ ئەنجومەنی وەزیرانی ‌ ھەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی بە وەزیر و سەرۆکی دەستەکان دا بۆ بەخشینی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ فەرمانبەران بۆ ماوەیەک لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت و وەزارەتی دارایی و ئابوورییش لە ٣ی ٥ی ٢٠١٥ رێنمایی پێویستی بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەرکردووە.



بەپێی بڕیارەکە، ماوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران بە خزمەت ئەژمار دەکرێت تەنھا بۆ مەبەستەکانی خانەنشینی.



د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران وەڵام و روونکردنەوەی خۆی داوەتە وەزارەتی دارایی و لەسەر ئەو بنەمایە مۆڵەت بە فەرمانبەران دەدرێت.











باسنيوز
Top