مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی: حەشدی شەعبی چاوی بە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شنگال هەڵنایە

 مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی: حەشدی شەعبی چاوی بە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شنگال هەڵنایە
ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەیانەوێ تەواوی ناوچەکانی دوزخوورماتوو و جەلەولا سەعدییە تاوەکو نزیک بە خانەقین، لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وەربگرنەوە و لەو ناوچانەش کورد ناچار بە ئاوارەیی و دەربەدەری بکەن، مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییش رای دەگەیەنێ، ئەو شەڕە حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو ھەڵی گیرساندووە، چاو ھەڵنەھاتنە بە سەرکەوتنی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال و شەڕێکە بەردەرگای گرتووین، ئاماژە بەوەش دەدات، گومانی زۆر ھەیە دەستی مالیکی لەو شەڕەدا بوونی ھەبێ، بەڵام ھێزی پێشمەرگە ھەرگیز لەو ناوچانە پاشەکشە ناکات کە بە خوێن ئازادی کردوون و پاراستوونی.



رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە ئەنجامی رانەوەستانی ھێزێکی حەشدی شەعبی لە بازگەیەکی ئاسایشی دووزخوورماتوو، شەڕ لەنێوان ھەردوولادا رووی دا و بەھۆیەوە سێ چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و دوو پێشمەرگەش شەھید بوون، دواتریش دۆخی ناوخۆی قەزاکە تێکچوو و چەندین ھاووڵاتیی کورد لەلایەن چەکدارەکانی حەشدی شەعبیەوە رفێنران و چەند دوکان و ماڵێکی کوردیش لە قەزاکە سووتێنران، ھێزەکانی پێشمەرگەش وەڵامی ئەو ھێرشانەیان دایەوە، دواتریش ھەردوولا بە ئامادەبوونی شاندێکی حکوومەتی عێراقی و ھەرێمی کوردستان رێک کەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، بەڵام ھەر دوای چەند سەعاتێک لە رێککەوتنەکە، ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھێرشان کردووەتە سەر ھاووڵاتییە کوردەکانی قەزاکە و بە قەناس کاسبکارێکی کوردی قەزاکەیان رۆژی یەکشەمەی رابردوو کوشتووە.



سەرچاوەیەکی ئاگەداریش لە دۆخی ناوچەکە ئاشکرای کرد، رێککەوتنەکانی حەشدی شەعبی تەنیا بۆ کات کوشتن و شوێنبزرکردنی سیناریۆکانیانە، ئەگەر نا مەبەستیانە ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی خوورماتوو و جەلەولا و سەعدییە تاوەکو نزیک بە خانەقین پاشەکشە پێ بکەن.



سەرچاوە گوتیشی: ”حەشدی شەعبی ھێزێکی زۆری ھێناوەتە ناوچەکە و ئامانج و پیلانەکەی روونە“.



بەپێی چەند تۆمارێکی ڤیدیۆییش کەوتوون، ھەندێک لە مەلاکانی شیعە، بە ئاشکرا ئەوەیان لە وتارەکانی ھەینیی رابردوودا بۆ ئامادەبووان گوتووە کە پێویستە سوننە و شیعە و تورکمانەکان لەو ناوچانە لە دژی کورد یەک بگرن و پێشمەرگەیان لێ دوور بخەنەوە.



مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک، رای گەیاند، ھیچ زەمانێک نییە کە لە خوورماتوو چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دەستبەرداری کورد کوشتن و سووتاندن بن، گوتی: ”ئەو ھێزەی حەشدی شەعبی کە لە خوورماتووە، ھێزێکی نامونەزەمە و بە ھەوەسی خۆی رەفتار دەکات و ھیچ گەرەنتییەک نییە پابەندی رێککەوتنەکان بێت“.



ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەوان ھیوادارن رێککەوتن بکرێ، بەڵام لەوە دەچێت شەڕێک لەو ناوچەیە روو بدات کە شەڕێکە بەردەرگای پێ گرتووین، ئەوانیش پاشەکشەی لێ ناکەن، گوتیشی: ”ئەو خاکە ھەمووی بە خوێن گیراوە و بە ھیچ شێوەیەک پێشمەرگە لە بستێکی ناکشێتەوە، ئەوانەشی باس لە کشانەوەی پێشمەرگە دەکەن لە خەیاڵدا دەژین، ئەو شوێنانە کوردستانە و پێشمەرگە و کوردستان خاوەنیەتی، بەڵام حەشدی شەعبی ھێزێکی ناقانوونی و بێخاوەنە و مافی حەشدی شەعبی نییە و کە بتوانێ بە پێشمەرگە بڵێ بکشێوە“.



ئەو بەرپرسەی یەکێتی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ھەر پرسێک لەبارەی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ەوە ھەبێت ئەوە ھەرێمی کوردستان جگە لە عێراق قسە و دانوستان لەسەر ئەو پرسە، لەگەڵ ھیچ ھێزێکی دیکە ناکات، گوتی: ”ئەو ھێزە نانیزامییە ناڕێکخراوە ھەر بەشێکی سەر بە کەسێک و لایەنێکە، بەشێکی سەر بە نوری مالیکییە کە لەوە دەچێت ھەر ئەو بەشەی بێت دەستی دابێتە ئەو ئاکارەی کە لە خوورماتوو لە بەرامبەر بە کورد دەیکات، مالیکی پیاوێکی دڵرەش و شەڕفرۆشە و ھەموو شتێکی لێ چاوەڕێ دەکرێ“.



ئەو بەرپرسە راشی گەیاند، ئەوەی تێبینیی دەکەن ئەوەی لە خوورماتوو روو دەدات چاوھەڵنەھاتنە بەو سەرکەوتنەی کە پێشمەرگە لە شنگال بەدەستی ھێناوە، گوتی: ”ئەو بابەتە حەتمەن پەیوەندیی بە سەرکەوتنی شەنگالەوە ھەیە و روونە ئەو دڵڕەشانە چاویان بەو قارەمانیەتیەی کورد و پێشمەرگە ھەڵنایەت“.



لای خۆیەوە، بێستون فایەق سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند، ساڵی ڕابردوو چەند جارێک سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکوومەتمان لە مەترسیی بوونی میلیشیا شیعەکان لە دووزخورماتوو و ناوچەکانی گەرمیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لەبری رێگرتن ئەو ھێزانە زیاتر لە دووز و چەند شوێنێکی تر جێگیر کران.



گوتیشی: ”ئەو ھێزانە چەند جارێکی تر لە کاتی تێپەڕبوونیان بەناو کەلار و کفریشدا، بێڕێزییان بە ھاووڵاتیان کردووە و پەلاماری ژمارەیەک خوێندکار و مامۆستایان داوە، لەبەرئەوە پێویستە لە سنووری ناوچە کوردیەکان دوور بخرێنەوە، ئەگەر نا زیاتر مانەوەیان کارەسات و شەڕی گەورەتری بەدوادا دێت بەتایبەت لەناو دووزخورماتوو“.



حەشدی شەعبی ھێزێکی گەورەی شیعەیە و لە دوای ھاتنەناوەوەی چەکدارەکانی داعش بۆ عێراق لەسەر خواستی مەرجەعیەتی شیعەکان دامەزراوە، ئەم ھێزە لە چەندین کۆمەڵە چەکداری جیاواز پێکھاتووە، لەوانە کەتیبەکانی حزبوڵا، ھێزەکانی بەدر، عەسائیبی ئەھلی حەق و سەرایەی سەلامن، لەو گرووپانەی حەشدی شەعبین کە ھەر لە سەرەتاوە زۆر دژایەتیی کوردیان کردووە.










باسنیوز
Top