سەركردایەتی بارزانی رۆڵێكی بنیادنەرانەی گێڕاوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا

سەركردایەتی بارزانی رۆڵێكی بنیادنەرانەی گێڕاوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی  كورد لە توركیا
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان سینان ئۆلگان پسپۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا گوتى: گوتاری «سەقامگیر» كە لە لایەن سەركرادیەتی ئەكەپە و سەرۆك ئەردۆگانەوە رابەرایەتی دەكرا، بووە پاڵنەری دەنگدەرانی توركیا. دەستپێكردنی توندوتیژی پەكەكە لەگەڵ پەلامارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی قەناعەتی بە دەنگدەران كرد بۆ هێنانەئارای حكومەتێكی تاكلایەنە بۆ دابینكردنی ئاشتی و سەقامگیری پەسەند بكەن. هۆكاری دووەم داڕووخانی پارتی نەتەوەپەرستی ئۆپۆزیسیۆن –مەهەپە- بوو كە سزادرا لە سەر ئەوەی رەدیكردەوە بەشدار بێت لە حكومەتێكی ئیئتلافی پاش هەڵبژاردنەكانی مانگی شەش.


سینان ئۆلگان هەروەها گوتی: توركیا ژمارەیەك گرفتی سەرەكی هەیە كە حكومەتی نوێی ئەكەپە پێویستە چارەسەریان بكات. ئەولەوییەتی یەكەم پێویستە نەرمكردنەوەی ئاستی خراپی جەمسەربەندییەكان بێت. هەروەها گەڕانەوە بۆ گفتوگۆكانی ئاشتی بە بەشداری نوێنەرانی بزووتنەوە سیاسییە كوردییەكان ئەولەویەتی بەرزی هەیە. ئەجێندای ئابووریش پێویستە ببووژێندرێتەوە و بە بەرنامەیەكی بەربڵاوی ریفۆرمی و بونیادی كە یارمەتی توركیا بدات رێژەیەكی بەرز لە گەشەكردن بەدەست بێنێت.

شايانى باسه ئۆلگان هەروەها گوتی: هیوایەك هەیە كە سەركەوتنە گەورەكەی پارتی ئەكەپە لە هەڵبژاردنەكانی مانگی یانزەدا، سەركردایەتییەكەیان هێور بكاتەوە و بتوانێت شێوازیان بگۆڕن بۆ جەمسەربەندیی كەمتر و زیاتر شێوازێكی سەركردایەتی پیادە بكەن كە لەسەر بنەمای تەوافوقی هەمووان بنیاد نرابێت. لێدوانە سەرەتاییەكانی سەرۆك وەزیران داود ئۆغلۆ ئاماژە دەدا بە ویستی ئەوان بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی ئێستا، بەڵام قسە دەبێت كرداری بەدوادا بێت.

لە درێژەی قسەكانیدا سینان گوتی: پێش هەڵبژاردنەكان دەست كرا بەو پێداچوونەوەیەی كە پێویست بوو. گوتارە رەخنەئامێزەكان بەرانبەر حكومەتی میسر بە شێوەیەكی بەرچاو كەمكرایەوە و پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی كەنداودا بەروە پێشەوە چوون و داینامیكیەتی یەكێتی ئەوروپا بەهێزكرا و پێوەندییە ئەمنییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا بەهێز كرا، بەوەی توركیا زیاتر لە رووی شەڕ لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی كاری گرتە ئەستۆ و خواستی كەمتر بووە بۆ تێوەگلانی توركیا لە ناكۆكییەكانی ناوچەكە. پێشبینیش دەكەم ئەم هەوڵانە بەردەوام بن.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئۆلگان گوتی: سەركردایەتی بارزانی رۆڵێكی بنیادنەرانەی گێڕاوە لە رابردوودا بە پشتگیریكردنی گفتوگۆكانی ئاشتی. پاش كۆتایی هاتن بە توندوتیژییەكان ئێستا پێویستە هەوڵەكان بخرێنەوەگەڕ بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی و لێرەشدا پاڵپشتی سەركردایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر سەرەكی و گرنگ دەبێت.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1050)
Top