ئیمێنكی: ساڵی دابێ سهد ساڵ بهسهر سایكسپیکۆ تێدهپهڕێ و پێویسته ئهو ستهمه لهسهر كورد هەڵگیرێ
ئەمرۆ دوو شەممە ١٦/١١/٢٠١٥ د. جهعفهر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە یاوەری شاندێکی باڵای پەرلەمان سەردانی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستانی کرد و، لەلایەن سەرۆک و جێگر و ئەندامانی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان پێشوازی کران.
لە دیدارێکدا سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان پوختەیەکی لەبارەی ئەو کار و، چالاکیانە پێشکەش کرد کە لەپێناو پێشکەشکردنی ڕاوێژ و بەشداریکردن لەو پڕۆژە یاسایانەی دێنە پەرلەمان و هاوکارێکی بەهێزن بۆ پەرلەمان و حکوومەت لە دەوڵەمەندکردنی یاساکان بە تایبەتیش یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان ئەو کۆمەڵە پەرلەمانتارانە دەگرێتە خۆ کە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا پێگە و ڕۆڵی خۆیان هەبووە و لە بوارەکانی تەشریعدا ئەکتیڤ و خاوەن بۆچوونی سەنگینن.
پاشان هاتە سەر دامەزراندنی بۆردی مافی چارەنوس کە دایانمەزراندوە لە پێناو ئەوەی گەلی کوردستان بە باشترین شێوە خۆی بۆ قۆناغی دیاریکردنی مافی چارەنوسی خۆی کار بکات و، وەک هەر گەلێکی دیکەی سەرزەمین بە تەواوی مافەکانی شاد بێتەوە.
دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەو پێشوازییە دەربڕی و، ستایشی ڕۆڵ و کارەکانی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستانی کرد کە سوود و بایەخی زۆر بە ئەزمونەکەمان دەگەیێنن بە تایبەت ئەزموونی ئەو بەڕێزانەی پێشتر پەرلەمانتار بوون جێگەی ستایشکردنە و، ئەمڕۆش بە هەمان گڕوتینەوە هاوکار و پشتیوانن.
هاوکات دەستخۆشی دامەزراندنی بۆردی مافی چارەنوسی لێ کردن و، پشتگیری پەرلەمانی کوردستانی بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان نیشان دا بە تایبەت کە ساڵی ئایندە سەد ساڵەی ڕێکەوتنە شوومەکەی سایکسپیکۆ و، دابەشکردنی کوردستان تێپەڕ دەبێ و پێویستە ئەو زوڵمە لەسەر گەلی کوردستان هەڵبگیرێ و، ئەو گەلە لە دیاریکردنی مافی چارەنوسی خۆی وەک گەلانی دنیا ماف و دەنگی خۆی هەبێ.
