مەحموود سەنگاوی هەڕەشە لە حەشدی شەعبی دەکات

 مەحموود سەنگاوی هەڕەشە لە حەشدی شەعبی دەکات
بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند رێگە نادەن چەكدارانی حەشدی شەعبی بێنە ناوچەی گەرمەسێر (گەرمیان ـ خانەقین ـ جەلەولا) ئاماژەی بەوەش كرد کە حەشدی شەعبی ئاگەدار کردووەتەوە.

مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (ئانادۆڵو) لەبارەی دۆخی ناوچەی گەرمەسێرەوە گوتی "دۆخی ناوچەكانی لای ئێمە ئارامە و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ نییە، تەنها كێشەی رێگای بەغدا هەیە لە نزیك ناوچەی شارەبان كە كۆمەڵێك دز و تاڵانچی بە ناوی عەسائیبی ئەهلی حەق خەڵك دەگرن و پارەیان لێ وەردەگرن".

سەنگاوی ئەوەشی گوت کە لە بەیانی ئەمڕۆوە هێزێكی چەكدارانی حەشدی شەعبی بە پاساوی پاكسازیكردنی ئەو رێگایە و گرتنی ئەو كەسانەی رێگری لە هاووڵاتییانی كورد دەكەن ئەو رێگا سەرەكییەیان بۆ بەغدا داخستووە.

بەگوتەی بەرپرسەكەی پێشمەرگە لەو ناوچەیە، شاندێكی هێزی بەدر ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی خانەقین دەكەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە و تاوتوێكردنی دۆخەكە.

مەحموود سەنگاوی لەبارەی كردەوەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكەدا گوتی "ئێمە پێمان راگەیاندوون كە كێشە لە ناوچەكەدا دروست نەكەن، بەپێچەوانەوە وەڵامتان دەدەینەوە، بەپێی زانیارییەكانی ئێمەش هێزەكانی بەدر دژی ئەو جۆرە كردەوانەن، بەڵام عێراق دەیان جۆر میلیشیای چەكداری تێدایە و ئەوانەن كێشەكان دروست دەكەن".

بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبارەی دۆخی ناحیەی جەلەولا (سەر بە قەزای خانەقین ـ پارێزگای دیالە) و هەوڵەكانی چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ چوونە نێو ناحییەكەوە گوتی "ناحییەی جەلەولا تەنها هێزی پێشمەرگەی تێدایە و هیچ هێزێكی دیكەی لێ نییە، رێگا نادەین ئەو هێزانە بێنە شارەكەوە و دەمانەوێت خۆمان سەرپەرشتی بكەین و ئاوەدانی بكەینەوە، بەهاتنی هەر هێزێكی دیكەش بۆ ناو جەلەولا هاوشێوەی خورماتووی لێدێت".

لەلایەكی دیكەوە لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئارام شێخ محمەد لە شاری بەغدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ئاڵۆزییەكانی قەزای خورماتوو كرد.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا كە دوو سەعاتی خایاندووە هەردوولا جەختیان كردووەتەوە لەسەر گرنگی چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگەچارەی ئاشتییانە بەتایبەت لەم دۆخەدا كە وڵاتەكە رووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆر بووەتەوە.









باسنیوز
Top