سەرۆكی هەرێمی كوردستان: سهركهوتنی پێشمهرگه له شنگال، باوهڕی بۆ هەموو لایەك دروست كردووە كە داعش لەناو دەچێت
لە دیدارەكەدا كه ئێوارەی ئهمڕۆ یەكشەممە ساز درا، سەرپەرشتیاری میحوەری كەركووك پیرۆزبایی لە (سەرۆك بارزانی) كرد بە بۆنەی سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال و ،هەروەها پیرۆزبایشی لە هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەتایبەتی خەڵكی دەڤەری شنگال كرد و وێڕای ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی قارەمان، ئەو سەركەوتنەی بە دەستكەوتێكی مەزن و مێژوویی بۆ گەلی كوردستان وەسف كرد.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و باسی لە وردەكارییەكان و چۆنیەتیی بەڕێوەچوون و سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و، جەختی كردەوە كە ئازادكردنی شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگە، ئیتر ئەو قەناعەتەی بۆ هەموو لایەك دروست كردووە كە داعش شكست دەخوات و لەناو دەچێت. (سەرۆك بارزانی) ئاماژەیشی دا، كە سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال ڕووداوێكی مێژوویی و سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بایەخ و ڕەهەندە سیاسی و ستراتیژی و ئابووری و نیشتیمانییەكانی ئازادكردنی شنگال و هەروەها گەڕانەوەی ژیان و خزمەتگوزاری و دامودەزگە كارگێڕییەكان و، یارمەتیدانی خەڵكی شنگال خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، بیروڕایش لەبارەی دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.
