"ئاژاوەکەی خورماتوو، مالكی ناویەتەوە"
(نازم ھەرکی) جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کێشەی نێوان کورد و شیعە لە دوزخورماتوو، پیلانێکی داڕێژراوە و ماموستای پیلانەکەیش (نوری مالیکی)ـیە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن و، پاشان ناوچەی دیکەیشی تێوە بگلێنن، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ناوچەکە بکەن و پێشمەرگە نەمینێت و ھەمووی بخنە ژێر کۆنترۆڵ خۆیانەوە."
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، حەشدیشەعبی شیعی ھەوڵ دەدات ئەو ناوچانە بعەرەبێنێت و، ڕۆڵی کورد لاواز بکات و، زۆر بۆ پێشمەرگە بهێنێت لە ناوچەکە دەرچێت، چونکە لە سەعدیەش ھێزێکی حەشدیشەعبییان جێگیر کردووە و، ھەوڵ دەدەن بچنە گوڵاڵەش؛ ئەمە بە بەرنامە دەکرێت بە سەرپەرشتیی (مالیکی)."
گوتیشی، پێویستە کورد ھەڵوێستی ھەبێت و لێیانی قەبووڵ نەکات، بەڵام بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکە چارە بکرێت، چونکە ئێمە وەکو کورد لەگەڵ ئەوەدا نین ھیچ کێشەیەک بە شەڕ چارە بکرێت، بەڵام ناشکرێت بێدەنگ بین و، دەبێ لێیان بێینە دەنگ، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەو ناوچانەی ئازاد کردووە.
(نازم ھەرکی) ڕوونیشی کردەوە، پێویستە ئەو پرسە بە جیددی وەربگرێت، چونکە ناکرێت ماڵی کورد بسووتێندرێت و، ھاووڵاتیی لاشەڕ (سڤیل) شەھید بکرێن.
جەختیشی کردەوە، پارتیی دیموکراتی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە باسی لەوە کردووە کە حەشدیشەعبی مەترسیە بۆ کورد لەو ناوچانەدا و پێویستە ڕێگەیان لێ بگیرێت، ئەوەتا ئێستا ئەو مەترسیانە دیار دەبێت؛ جا پێویستە ڕێ لەو پیلانانە بگیرێت و، رێگە نەدرێت جێبەجێیان بکەن.
