ئاساییكردنەوەی بارودۆخی دووزخوورماتوو هەفتەیەكی پێ دەچێت
هەڵۆ نەجات، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای كەركوك سەبارەت بەهۆكاری دروستبوونی ئەو كێشەیەی كە لەنێوان هێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو روویدا، وتی: لەدوای ئەوەی حەشدی شەعبی بەهاوكاری سوپای عێراق، توانیان ناوچەكانی ئامرلی و حەمرین پاك بكەنەوە، هەندێك لە گوندەكانی نزیك لەدووزخورماتووش بەدەستی ئەوان پاككرایەوە، چەندین جار گرفتیان لەگەڵ هاوڵاتیان دروست كردووە لەسەر دانانی بازگەكان، كە لای هەمووان ئاشكرایە بازگەكانی سلێمان بەگ و چەندین بازگەی دیكە لەنێوان كەركوك و بەغدا بەدەست حەشدی شەعبیەوەیە، نە هێزی پێشمەرگەو نە هیچ هێزێكی سەر بەهەرێمی كوردستان لەو بازگانە لەگەڵیاندا نین.
وتیشی: حەشدی شەعبی بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی خۆیان رۆژانە بەچەكەوە هاتووچۆی ناو شاری دووز دەكەن بەهۆی ئەوەوە پێكدادان دروست بوو، هەروەك بینیمان لەچەند رۆژی رابردوو بەهۆی پێكدادانێك لەبازگەی دووزخوورماتوو لەنێوان حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە، بووە هۆی كوژرانی 3 چەكداری حەشدی شەعبی، لەدوای ئەمەوە ئەو ئاڵۆزیە دروست بوو و تائێستا بەردەوامە.
سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە هەڵۆ نەجات وتی: بەردەوام لە پەیوەندیدام لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو، ئەوان كۆبوونەوەكانیان وەكو ئیدارەی كەركوك لەگەڵ حەشدی شەعبی بەردەوامی هەیە، بەڵام رێكەوتنەكە كەمێك ئاستەم دەبێت، چونكە حەشدی شەعبی لەچەندین گروپ پێكهاتووە، بەشێك لەگروپەكانیش توندەڕون.
ئاماژەی بەوەش دا: هەرچەندە ئێمە لەوردەكاری رێكەوتنەكە زانیاریمان نییە، بەڵام دوێنێ بڕیاردرا، دەبێت بارودۆخەكە هێوربكرێتەوەو گیراوەكانی هەردوولا ئازاد بكرێن، ئەوەبوو ئەمڕۆ گیراوەكانی هەردوولا ئازادكران.
ئەوەشی خستەروو: بڕیارە لیژنەیەكی هاوبەش لەهێزە ئەمنیەكان بەناو شاری دووزخورماتوو بسوڕێنەوە، ئەوەی چەكی پێبێت لێی بسەنرێت و نەهێڵن خەڵك بەئارەزووی خۆی تەقە بكات، هەروەها بڕیارە لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ ناونووسكردنی ئەو كەسانەی لەو رووداوەدا زەرەرمەندبوون.
بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای كەركوك پێیوابوو، هێوركردنەوەی بارودۆخەكە هەفتەیەكی پێ دەچێت، چونكە لەئێستادا هەموو كەسێك لەو ناوچەیە چەكیان لایەو هەندێك لەخێزانەكان شوێنەكانی خۆیان بەجێهێشتووە.
