بەریتانیا لە پێویستییەكانی قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستان دەكۆڵێتەوە
لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی بەریتانیایان پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، پێشوازییان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووە و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون. ئاماژەیان بەوەش دا كە شانازی بەوەوە دەكەن هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانن لە شەڕی دژی تیرۆر و پیرۆزباییان پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی ئازادكردنی شاری شەنگالەوە لە دەستی تیرۆرستانی داعش كە گرنگییەكی زۆری بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی بە شێوەیەكی گشتی هەیە.
هەروەها باسیان لەو هاوكارییانە كرد كە لە ڕابردوو و ئێستادا لەلایەن بەریتانیاوە پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كراون و خوازیار بوون پێویستییەكانی قۆناغی ئێستا بزانن بۆ ئەوەی بەپێی پێویستیی قۆناغەكە هەوڵ بدەن هاوكارییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن. هەروەك باسیان لە بارودۆخی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و پرۆسەی سیاسی لە ناوچەكە و ئەو گرفتانەی لە عێراق هەن، كرد.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی پەرلەمانتارانی هەموو پارتە سیاسییەكانی پەرلەمانی بەریتانیا پشتگیری لە هەرێمی كوردستان دەكەن و ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارییەكانی بەریتانیا و ئەمەریكا و هەموو وڵاتانی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنێت، بە تایبەتی لەڕووی سەربازییەوە كە كاریگەرییەكی بەرچاویان لە ئازادكردنی دەڤەرەكان بە گشتی و بە تایبەتی ڕزگاركردنی شاری شەنگال لە دەستی تیرۆرستانی داعش هەبووە و هیوای خواست لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە هاوكارییەكان زیاتر بكرێن بۆ ئەوەی بتوانرێت مەترسیی تیرۆر بە یەكجاری لە ناوچەكە بنبڕ بكرێت و وەك پێویستیش هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران بكرێت.
لەلایەكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ئاماژەی بە قەیرانی دارایی و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە بارگرانییەكی زۆری بۆ هەرێم دروست كردووە و هیواخواز بوو لە سووككردنی ئەو بارگرانییە، هاوكاریی زیاتری هەرێم بكەن. دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئەو كێشانەی بەم دواییە لە هەرێمی كوردستان دروست بوون، بەڕێز سەرۆك وەزیران سەرەتا پوختەیەكی لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە پێشكەش كرد و دووپاتی كردەوە كە پێویستە سەرجەم كێشەكان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن.
تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی دیكەی پەیوست بە هەردوولا، بە تایبەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا و زیاتر تۆكمەكردنیان لە هەموو ڕوویەكەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
