قایمقامی شنگال: ئەمڕۆ دەوامی فەرمانگە حکومییەکان دەستپێدەکاتەوە

 قایمقامی شنگال: ئەمڕۆ دەوامی فەرمانگە حکومییەکان دەستپێدەکاتەوە
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال رایگەیاند ئەمڕۆ دەوامی فەرمی سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان لە قەزای شنگال دەستپێدەکاتەوە.

قایمقامی شنگال بۆ رووداو دوا و رایگەیاند، کە ئەمڕۆ شەممە ١٤ی تشرینی یەکەم دەوامی فەرمی لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی قەزای شنگال دەستپێدەکاتەوە و هەر ئەمڕۆ چینوتوێژە جیاجیاکان سەردانی شنگال دەکەن.

مەحما خەلیل هەروەها ئاماژەی بەوەش دا " هەتاوەکو ئێستا هەموو شەقامەکانی شنگال نەکراونەتەوە".

قایمقامی شنگال لە شنگالەوە بانگەوازێک بۆ بەڕێوەبەرانی شارەوانی لە باشووری کوردستان دەنێرێت و داوا دەکات هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال.

مەحما خەلیل هەروەها رایگەیاند : "شنگال پێویستی بە مۆزەخانەیەکی شایستە هەیە" و گوتیشی : " شنگال بووە کۆبانێ دووەم".

ئەو هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە " زیاتر لە 60% خانووەکانی شنگال وێران بوونە".

لە كاژێر 07:00 ی رۆژی پێنجشەممە هێزەكانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی شنگالیان لەژێر دەستی داعش دەستپێكرد. رۆژی هەینیش توانیان بەسەركەوتوویی تەواوی پلانەكان جێبەجێبكەن و بەكەمترین زیان كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكە بهێنن.









رووداو
Top