ئەسۆشیەیتد پرێس: ئاڵای كوردستان لە سەنتەری شنگال هەڵكرا
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنی شنگال و ئازادكردنەوەی بە پاڵپشتی و پشتیوانیی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمەریكا جێبەجێ كراوە.
بەپێی راپۆرتەكە، ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان لە (تویتێك)ـدا نووسیویەتی، هێزەكانی پێشمەرگە لە هەموو لایەكانەوە چونە ناو شنگالەوە و شارۆچكەكە لە داعش پاك دەكەنەوە.
هەر بەپێی نووسینەكەی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێم، نەخۆشخانە، دامەزراوە حكوومیەكان، سایلۆ و كارگەی چیمەنتۆ هەموویان ئەمان و سەلامەتن.
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ڕۆژنامەنووسانی (ئەسۆشیەیتد پرێس) گوتوویانە، هێزەكانی پێشمەرگە ئاڵای كوردستانیان لە سەنتەری شنگال هەڵكرد و، تەقەی خۆشی دەكەن و شادمانی دەگێڕن.
شیاوی باسە، میدیاكانی جیهان توانا و هێزی پێشمەرگە و بە هەماهەنگی هێرشە ئاسمانیەكان لە ئازادكردنەوەی شنگال بەرز دەنرخێنن و بە ساتێكی مێژوویی باسی دەكەن. شنگال تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هەروەها پێگەیەكی ستراتیژیی گرینگیشی هەیە، بۆیە ئازادكردنەوەی، بە دوولەتكردنی خەلافەتی داعش ناو دەبرێت.
ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شنگال، بە بەشداریی نزیكەی ( 7 هەزار و 500) پێشمەرگە بەرەبەیانیی دوێنێ دەستی پێكرد و، ئەمڕۆیش لە چنگی تیرۆریستان ڕزگار كرا.
