پێشمەرگە شكستی بە 16 هێرشی خۆكوژی داعش هێنا

 پێشمەرگە شكستی بە 16 هێرشی خۆكوژی داعش هێنا
لە شەڕی ئەمڕۆی شنگال زیاتر لە 16 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش لەكاتی هێۆشكردن بۆ پێشمەرگە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە تەقێندراونەتەوە.

داعش لە زۆربەی شەڕەكانی پێشوو بەرامبەر پێشمەرگە، سوپای عێراق، یەپەگە و سوپای سووریا پشتی بە هێرشی خۆكوژی و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو دەبەست، بەڵام لە شەڕی ئەمڕۆی شنگال ئەو پیلانەی داعش سەركەوتوو نەبوو، بەجۆرێك تەنها یەك خۆكوژی داعش نەیتوانی بگاتە شوێنی مەبەست و زیان لە پێشمەرگە بدات.


لە سەربەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە هێرشی پێشمەرگە بە بەشداری 7 هەزار و 500 پێشمەرگە، لە سێ قۆڵەوە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەستیپێكردووە و تاوەكو ئێستا بەردەوامە.

لە دەوروبەری ناوچەی شنگال رایگەیاند کە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە نزیکەی 15 ئۆتۆمبێلیان تەقاندوونەتەوە و لە هەموو لایەکی شنگال بە هێزەکانی پێشمەرگە دەورەدراوە.

هاوكات زەعیم عەلی، فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال لەبارەی شەڕەكە گوتی " بەرلەوەی دەست بە هێرش بکەین، زانیاری وامان پێدرابوو کە داعش هێزێکی زۆری رەوانەی شنگال کردووە و خەڵکی بیانیان لەگەڵە، بەڵام نەیاتوانی خۆیان رابگرن".

سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكان زەعیم عەلی گوتی لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە 8 ئۆتۆمبێلی داعش تێکشکێندراون، هێزەكانی پێشمەرگەش 8 ئۆتۆمبێلیان لە چەند شوێنێك بە چەكی میلان تەقاندوونەتەوە".

نێوبراو ئاماژەی بە هەڵاتنی چەکدارانی داعش کرد و گوتی" چەکدارانی داعش بەرگرییان زۆر لاوازبووە، ئێمە بینیمان کە چۆن چەکدارانی داعش هەڵدەهاتن ".









رووداو
Top