پڕۆژەی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە سەركەوت

 پڕۆژەی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە سەركەوت
نوێنەری ئێزدییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئێستا بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) ئۆپەڕاسیۆنێكی گەورە لە شنگال بەڕێوە دەچێت و، ئەمڕۆ بۆ ئێزدییەكان دەبێتە رۆژێكی مێژوویی و جەژنێكی تایبەت دەبێت.

(شێخ شامۆ) نوێنەری ئێزدییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "زۆربەی ناوچەی گرینگ و ستراتیژییەكانی ناو شنگال و دەوروبەری ئازاد كراون، ئێستا هێزێ پێشمەرگە راوەدووی داعش دەنێن و لە ماوەیەكی نزیكدا بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، پێشمەرگە قارەمانەكان شنگال ئازاد دەكەن".
گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال قۆناغ بە قۆناغ بەرەو پێشەوە دەچێت، ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین كە هێزێكی زۆری پێشمەرگە بە چەكی مۆدێرن شنگال گەمارۆ داوە و دەیانەوێت لە ماوەیەكی نزیكدا شنگال ئازاد بكەن، كە ئەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیە بە سەرپەرشتی ( سەرۆك بارزانی) بەڕێوە دەچێت".
ئاماژەیشی دا: "من هەم وەك نوێنەری ئێزدییەكان، هەم وەك پەرلەمانتارێك لە شنگالم و، بە چاوی خۆم دەبینم چۆن داعش بەرەو دەرەوەی شنگال ڕادەكەن، ئێمە وەك خەڵكی شنگال ئۆمێدێكی زۆرمان هەیە لە ماوەیەكی زوودا شنگال و تەواوی ناوچەكانی دەوروبەری لە دەستی داعش ڕزگار دەكرێن و ئەمڕۆ بۆ ئێزدییەكان دەبێتە رۆژێكی تایبەت و جەژن".
شامۆ) زیاتر دەڵێ: "ئەو لایەنانەی ڕاستییان دەشاردەوە و هەوڵیان دەدا پشێوی لە ناوچەكەدا دروست بكەن و شنگال لە كوردستان جیا بكەنەوە، ئەو پڕۆژەیەی ئەوان دەستی دەرەكیی تێدایە و پارچە پارچە دەبێت، بەڵام بێگومان پڕۆژەی ئێمە سەر دەكەوێت".
تیرۆریستانی داعش، لە مانگی ئابی پاردا، لە هێرشێکی کتوپڕدا دەستیان بەسەر شارۆچکەی شنگالدا گرت.
Top