نوجەیفی: دڵنیاین لە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شنگال بە سەرۆکایەتیی بارزانی

 نوجەیفی: دڵنیاین لە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شنگال بە سەرۆکایەتیی بارزانی
پارێزگاری پێشووی نەینەوا رایدەگەیەنێت، کە پرۆسەی رزگارکردنەوەی شنگال بەهۆی هەڵمەتی "تاڵانیی" پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، دواکەوت.



ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە شەڕی رزگارکردنەوەی قەزای شنگال و دەرکردنی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ”بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی“ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.



ئەسیل نوجەیفی هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، کە پەیەدە و پەکەکە بوونە هۆی درەنگکەوتنی رزگارکردنەوەی شنگال، چونکە ”چەند بارهەڵگرێکیان بینراون، دەیانویست بێنە دیوی عێراق و ماڵ و سەروەتی گوندە عەرەبییەکان بدزن“.



پارێزگاری پێشووی نەینەوا باسی ئەوەشی کردووە، کە تەنها هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ئەو هێزە ئێزدییانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان لە شەڕەکەدا بەشدارن و ”کات لەبار نەبوو بۆ بەشداریکردنی چەکدارانی عەشیرەتە عەرەبەکان“.



نوجەیفی دڵنیایی خۆیشی نیشاندەدات لەوەی، هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، ”توانای سەرکەوتنیان هەیە“ بەسەر داعش و رێگریکردن لە دزیی و تاڵانکردن.



باسنيوز
Top