شێخ شامۆ: پەکەکە بە ئەجێندایەکی دەرەکی لە شنگال ماوەتەوە
شێخ شامۆ نوێنەری ئێزیدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، وەڵامی بەرپرسی ئەنجومەنی ئێزیدیانی پەکەکە لە شنگال دەداتەوە کە گوتبووی ئەرکی ئازادکردنەوەی شنگال لە ئەستۆی ئێمەدایە. لەمبارەوە رایگەیاند ئەوەی ئەرکی ئازادکردنەوەی شنگالی لەئەستۆدایە، هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.
هەروەها گوتی "بەرپرسی ئەنجومەنی ئێزیدیان کە ناوێکە بۆ خۆیان دروستیان کردووە، لە ٢٠٠٤ەوە لەلایەن (پەکەکە)وە کاری بۆ دەکرێت، سەرمان لەوە سوڕماوە ئەم ئەنجومەنە ئەندامێکی ناحیەیەکیشیان نییە، لە ئاستی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراق، نەیانتوانیوە یەک دەنگیش بەدەست بهێنن، ئەم شەرعیەتەیان لە کوێ هێناوە بەناوی خەڵکی شنگالەوە قسە دەکەن؟ بۆیە ئەوە ئەرکی پێشمەرگەیە شنگال بپارێزێت نەک هێزێکی دیکە".
دەشڵێ "پەکەکە، بەئەجێندایەکی دەرەکی بۆ تێکدانی دۆخەکە هاتووەتە شنگال، چونکە جوگرافیای شنگال ستراتیژیە، دەیانەوێت ئەو ڕێگایە بۆ ئەجێندایەکی دەرەوە، کۆنترۆڵ بکەن، چونکە شنگال دوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە".
باسنيوز
