هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی به‌شداریكردنی پێشمه‌رگه له رزگاركردنی موسڵ، بڕیاری كۆتاییدا
جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند "باڵاترین ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ به‌شداری بكات".
روونیكرده‌وه، بڕیاری به‌شداریكردنه‌كه به‌و پێیه‌یه كه موسڵ مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه‌یه، بۆیه ده‌بێت له‌ناو ببرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه گه‌یشتن به‌و مۆڵگه سه‌ره‌كییه و له ناوبردنی، ده‌بێته كۆتاییهاتن به رێكخراوه‌كه، هه‌روه‌ها هاتووه: "به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگیكردن بۆ رزگاركردنی موسڵ، ژوورێكی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له هه‌ولێر پێكهێنرا كه ئه‌فسه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عیراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش له خۆده‌گرێت".
له 10ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014ه‌وه داعش شاری موسڵی داگیركردووه و كردوویه‌تی به مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی خۆی، دانیشتووانی شاره‌كه‌ش به‌ده‌ست سته‌م و و ئه‌و دۆخه خراپه‌وه ده‌ناڵێنن كه داعش دروستیكردووه، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش به به‌رده‌وامی بۆردوومانی باره‌گاكانی ئه‌و رێكخراوه له موسڵ و ده‌وروبه‌ری ده‌كات.
خه‌ندان
