"پەكەكە ناتوانێ لە شنگالدا خۆی لێ داکوتێت"
(سەربەست لەزگین) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پەكەكە ناتوانێ خۆی لە شنگال بسەپێنێت و شتی وایشی پێ ناکرێ؛ وەختی خۆیشی هەندێك مەفرەزەیان لەوێ هەبوو، بەڵام كە زانییان پێشمەرگە و هێزەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكەن بۆ ڕزگاركردنەوەی شنگال، ئەوان ویستیان لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە دەسکەوتەکە بکەنە هی خۆیان و، خۆیان بخەنە نێو كاری هێزی پێشمەرگەوە و، بڵێن ئێمە شتەكەمان كردووە و شنگالمان ڕزگار كردووە. بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نینە و، ئەوەندە هێزەیشیان نییە كارێكی وەها بکەن."
(لەزگین) ڕوونیشی كردەوە: "ئەم هەوڵانەی پەكەكە سەر ناگرێت، چونكە خەڵكی شنگال خۆیان ناهێڵن هیچ هێزێك جگە لە هێزە فەرمی و مۆڵەتپێدراوەكانی هەرێمی كوردستان دەس لە بابەتی ڕزگاركردنی شنگال وەربدەن. تا هێزی پێشمەرگەش جووڵە نەكات و دەست بە ڕزگاركردنەوەی شنگال نەكات پەكەكە ناتوانێت هیچ بكات."
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە گوتیشی: "ئازادکردنەوەی تەلەعفەر و كەسكێ و بادۆش و حیازیە و باشیك و، ئەو سەداپێنجە داگیرکراوەی خاکی هەرێمی كوردستان لە چنگی تیرۆریستانی داعش، ئەركی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانە، بەڵام پەكەكە هەستیان كردووە كە هێزی پێشمەرگە لە ئامادەكاریدایە بۆ ئازادكردنی تەواوی ئەم ناوچانە بۆیە كەوتوونەتە خۆ ناوێك بۆ خۆیان پەیدا بكەن. بابەتەكەش بەو شێوەیە نییە كە لە ڕاگەیاندنەكانەوە خۆیانی پێوە گەورە دەكەن."
