رووسیا لە ئەوروپا هاوكاریی پارتە پۆپۆلیستەكان دەكات بۆ ئەوەی یەكێتیی ئەوروپا لەبەریەك هەڵوەشێنێت
دانیاڵ شایرۆت هەروەها گوتی: رووسیا لایەنگیری دەكات لە شەڕە تائیفییەكەی نێوان سوننە و شیعەكان. ئەمەش زۆر زیرەكانە نییە، لەبەر ئەوەی زۆربەی دانیشتووانی موسڵمانی رووسیا سوننەن كە لەجیهانی ئیسلامیشدا زۆرترینن. ئەوەی پێوەندی بە ئەمریكاوە بێت، رووسیا دوژمنێتی، جا چ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێوەبگلێت، یان نا. لەمەش زیاتر كێشەكە ئەوەیە ئەمریكا دژی كۆمەڵێك لایەنی زۆرە، وەك جیهادییە سوننەكان و ئیخوان موسلمین و ئێرانی شیعە و سووریای عەلەوی، هەروەها حوسییەكان. هاوپەیمانە سوننەكانیشی لە ناویاندا سعودیە و توركیا و میسر و زۆر لە دانیشتووانەكانیان چارەی ئەمریكایان ناوێت و تەنیا بۆ بەرژەوەندی قبووڵیانە، ئەمەش هیچ پێوەندی بە رووسیاوە نییە. جا چ رووسیا لە دەرەوە، یان لە ناوەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، هەرچییەكی پێبكرێت دەیكات بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەمریكا ببێتەوە و هەوڵدەدات ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا لاواز بكات.
شايانى باسه شایرۆت هەروەها گوتی: ئیسڕائیل هەر حكومەتێك لە سووریادا دەسەڵات بگرێتە دەست، یان هەر لایەنێك بەشێك لە سووریا بگرێت، وەك دوژمن دەیبینێت. حزبوڵڵا هاوپەیمانی ئێرانە و دوژمنە. بەرهەڵستكارە سوننەكان لە سووریا دژی ئێران و حزبوڵڵان، بەڵام لە هەمانكاتدا دوژمنی ئیسڕائیلن. بۆیە گرنگ نییە رووسیا چی دەكات، بەتایبەتی لە بەر ئەوەی رووسیا بەرژەوەندییەكی روونی نییە لە زیانگەیاندن بە ئیسڕائیل كە لە راستیدا پێوەدنییەكی باشیان هەیە. راستیەكە ئەوەیە ئێران زۆر بێمەترسیترە لەوەی كە حكومەتی ئیسڕائیلی بەشێوەیەكی هیستریی بانگەشەی دەكات.
لە كۆتایی قسەكانیدا دانیاڵ گوتی: تا ئێستا بێجگە لە ئیسڕائیل هیچ لایەنیك بە شێوەیەكی فەرمی بانگەشەی بۆ ئەوە نەكردووە كە پشتگیری دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات، لە ئێستادا ئەمریكا بە ئاشكرا پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ناكات، بۆیە دەبێت دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە لە بەرژەوەندی ئەمریكادا بێت، ئەوەی بۆ ئێستای كورد گرنگە ئەوەیە دەبێت كورد بە یەكگرتوویی بمێننەوە و هەوڵبدەن ئیستیفزازی توركیا نەكەن و لەگەڵ ئەمری واقیعدا رازی بن، نەك سەربەخۆییەكی یاسایی. لەم باردۆخەدا دەبێت كورد ئاگاداری ئەو راستییە بێێت، كە دەوڵەتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش مامەڵە دەكەن، نەك دۆستایەتی، لە ئێستادا ئەم ئەمری واقیعەی كوردستان ئەمریكا وەك حاڵەتێكی گونجاو سەیری دەكات، وەك دەوڵەتی نیمچە سەربەخۆی كوردستانی عێراق و ئەوەی لە سووریادا خەریكە سەرهەڵدەدات، بۆ ئەمەش دەبێت زۆر هەوڵبدەن كە بە رای گشتی ئەمریكی و ئەوروپی بگەن و بە شێوەیەكی راستەقینە دیموكرات بن بۆ ئەوەی هاوسۆزی زیاتر بەدەست بێنن لە نێو رۆژئاواییەكاندا. ئەمەش ئاسان نییە، بەڵام دەتوانێت هەندێك دەستەبەری پاراستن بكات لە دژی مەترسی جێهێشتن لەلایەن ئەمریكاوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1049)
