زەعیم عەلی: هیچ كاتێك بیر لە شەڕ لەگەڵ پەكەكە ناكەینەوە
زەعیم عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كە پێشتر وەزیری پێشمەرگە بووە، بەرپرسیارێتی میحوەری شەڕێكی لەگەڵ داعش لە ئەستۆدایە و دەڵێت ئەوان پلانی خۆیان هەیە بۆ وەدەرنانی چەكدارانی داعش لە قەزای شنگال و نابێ پەكەكە ئاستەنگ بۆ پلانەكەیان دروست بكات.
نزیكەی دوو هەفتەیە باسی گەرمی نێو خەڵك و میدیا، كۆنترۆڵكردنەوەی شنگالە كە لە رۆژی 3/8/2014 لەلایەن چەكدارانی داعشەوە داگیركرا. زەعیم عەلی لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر شنگال دەڵێت "دواكەوتنی هێرشەكە پەیوەستە بە پلانی ژووری عەمەلیات، هەر كاتێك بڕیاری یەكلاكەرەوە دەرچوو، هێرشەكە دەست پێدەكات".
بەڵام باسی گەرمی نێو خەڵك ئەوەیە كە پەكەكە رێگرە لەبەردەم هێرشەكە و پێداگریی دەكەن كە ئەوانیش بەشداری هێرشەكە بن، بەڵام پێشمەرگە رەتیدەكاتەوە. زەعیم عەلی گوتی "هیچ كەسێك ناتوانێ رێ لە پلانەكانی ئێمە بگرێ بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال، نابێت پەكەكە بیر لەوە بكاتەوە پلانەكانی پێشمەرگە تێكبدات، چونكە هەموو دونیا دەزانێت شنگال خاكی باشووری كوردستانە و ئێرە شوێنی ئەوان نییە، چۆن دەبێ پەكەكە بە هێزێكی 200 كەسی لە شنگال بەرامبەر بە 10 هەزار پێشمەرگە بوەستێتەوە كە ئێستا لە سنووری شنگالن".
هەرچەندە زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری شنگال ئازاد كراون، لەوانەش ناحیەی سنوونێ كە گەورەترین ناحیەی ناوچەكەیە، بەڵام ژمارەیەكی كەم لە دانیشتووانەكەی گەڕاونەتەوە و ئەوانی دیكە دەڵێن لە ترسی شەڕی پەكەكە و پارتی ناگەڕێنەوە.
زەعیم عەلی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی ناوچەكە كە شەڕی براكوژی لە نێوان پارتی و پەكەكەدا روونادات "بارزانی بەڵێنی داوە تاوەكو ئەو لە ژیاندا مابێت، نەهێڵێ شەڕی براكوژی رووبدات، بۆیە ئێمە قەت بیر لە شەڕ لەگەڵ پەكەكە ناكەینەوە. دەمانەوێ كێشەكانمان بە دیالۆگ چارەسەر بكەین".
سەبارەت بە رەوشی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش بە تایبەتی لە شنگال و تەلعەفەر، زەعیم عەلی گوتی "زانیاریمان هەیە داعش هێزێكی زۆری لە ناوچەكانی دیكە هێناوەتە ئەو شوێنە و چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و چەكداری خۆكوژی ئامادە كردووە، بەڵام فڕۆكەكان بەردەوام هەوڵەكانی ئەوان پووچەڵ دەكەنەوە و هەوڵەكانیان هیچ كاریگەری لەسەر پلانەكانی ئێمە نابێت".
رۆژی 21/12/2014 پێشمەرگە زۆربەی ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵ كردنەوە كە پێشتر داعش لە مانگی ئابی 2014 داگیری كردبوون، لەوانەش ناحیەی زوممار و سنونێ و زۆربەی گوندەكانی باكووری چیای شنگال، بەڵام تاوەكو ئێستا سەنتەری شاری شنگال، ناحیەی گرعوزێر، بلێج، كۆمەڵگەكانی كۆچۆ، تەل بەنات، سیپا شێخ خدر و چەند ناوچەیەكی دیكە هەر لەژێر دەستی داعشدا ماون. ماوەی دوو هەفتەیە ئامادەكاری دەكرێت بۆ گرتنەوەی ئەو شوێنانە، بەڵام هێشتا كاتی هێرشەكە دیار نییە.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی شنگال كە هێزەكەی لە 13 فەوج پێكدێت و زۆربەیان كوردی ئێزدین، دەڵێت "پەكەكە و هێزەكانی دیكەی سەر بە پەكەكە هۆكاری سەرەكی راگرتنی پلانی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگالن. ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر ئێزدییەكان هەبووە، چونكە هەموویان چاوەڕێن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
قاسم شەشۆ دەڵێت ئەوان دەمێكە پلانی ئازادكردنی شنگالیان هەیە، بەڵام هەموو جارێك پەكەكە پلانەكەیان هەڵدەوەشێنێتەوە. بۆیە داوا لە پەكەكە دەكات "ئەگەر بەرژەوەندی خەڵكی شنگالتان دەوێت، دەبێ بەربەست بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دروست نەكەن. دوای كۆنترۆڵكردنی شنگال خەڵك لەگەڵ كام هێزدا بوو، با ئەو ببێتە خاوەنی شنگال"
رووداو
