لە ماوەی حوكمڕانیی مالیكی 540 ملیار دۆلار دیار نەماوە و كەس نازانێت چی لێكراوە
عەبدولڕەحیم رفاعى هەروەها گوتی: حوكمڕانییەكی شكستخواردووی تاوانبارو خراپی ئەو سەرۆك وەزیرانەیە كە بۆ عەبادی و وڵات ماوەتەوە، تا ئێستا چارەنووسی 540 ملیار دۆلار نازانرێت كێ بردوویەتی و بۆ كوێ چووە، ئەو پارەیە لە ماوەی هەشت ساڵەی حوكمڕانیی مالیكی دیارنەماوە، خەڵكەكە نازانێت، بەڵام حكومەت و بەرپرسان و دیوانی چاودێریی دارایی ئاگایان لێیە، كە بردراوە بۆ دەرەوەو كۆمپانیاو بەرژەوەندیی تایبەتی پێ بەڕێوە چووە، لەم ماوەیەدا ئەو پارەیە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەست عێراق كەوتووە، خودی مالیكی بوو كە داعشی هێنایە عێراق و دەرگای لەبەردەم تیرۆریستان خستە سەرپشت، ئەوە مالیكی بوو لەم چەند ساڵەدا قەیرانی ئابووریی دروستكردو لە ساڵانی 2005 و 2006 شەڕی تایفەگەریی لە عێراق هەڵگیرساند و كارەساتی كۆمەڵایەتی و مرۆیی بەرپاكرد، ئەوە بوو دواتر كە داعش زۆربەی ناوچەكانی داگیركرد جگە لە هەرێمی كوردستان و بە تەواوی دەسەڵاتی بەسەر ئەم ناوچانەدا گرت كە سوپاكەی مالیكی نەیتوانی بەرگریان لێ بكات، هەر لەبەر ئەوە بوو كە گەندەڵی هەموو جومگەكانی ئیداری وڵاتی گرتەوە و عێراق تووشی ئەو هەموو قەیرانە كرد.
شايانى باسه رفاعى هەروەها گوتی: هەموو كوتلە سیاسییەكان هۆكاری ئەوەن، سەبارەت بە مەرجەعیەت من وای دەبینم كە رۆڵی مەرجەعییەت تەنیا ئامۆژگاری و ئاراستەكردنە، بەڵام توانای دروستكردنی بڕیاری نییە، بۆیە كوتلە سیاسی و دامەزراوە سیاسییەكان بەرپرسیارن، بۆ نموونە پەرلەمانی عێراق دەتوانێ بڕیارو یاسا دەربكات و عەبادیش جێبەجێیان بكات، لەبەر ئەوە ئێمە لە عێراق كەسایەتیی سیاسیمان هەیە كە دەست بەسەر حزبەكاندا دەگرن و ئاراستەیان دەكەن، ئەگەر ئەم چاكسازیانە جێبەجێ بكرێن ئەوا بەرژەوەندیی خۆیان و حزبەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە، چونكە زۆربەیان لە گەندەڵییەوە گلاون و گومان لەخۆیان دەكەن و ئەو كاتە پەردە لە روویان هەڵدەماڵرێت و ریسوا دەبن، ئەوان هەر یەكەیان كە دێت بانگەشە بۆ چاكسازی دەكات، بەڵام لە راستیدا هیچ كامێكیان لەگەڵ چاكسازیدا نین، بۆیە جارێكی دیكە دووپاتی دەكەمەوە كە عەبادی ناتوانێ چاكسازیی بكات، من نووسینی رۆژنامەیەكی بیانی سەرنجی راكێشام كاتێ وەسفی عەبادی كردبوو كە ( پیاوی پۆستە نەك دەسەڵات) كەواتە بڕیارەكانی هەموویان رووكەشین و ناچنە واری جێبەجێكردنەوە. لە راستیدا خۆی هەر وایە، ئەو پیاوە بە تەنیا هیچی پێناكرێ لەنێو ئەو هەموو گێژاوەی قەیرانەكانی ئەمنی و ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیدا.
لە كۆتایی قەسكانیدا رفاعى گوتی: من ژمارەی تەواوم لەبەر دەستدا نییە، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا لە ئیدارەی وڵاتەوە دوورم، بەڵام قسەكردن لەسەر 90 ملیار دۆلار لە ساڵی 2016 كە چاوەڕوان دەكرێت بودجەی وڵات بێت، جگە لە كورتهێنان و شتی دیكە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2011 كە ئەو كاتە رەوشی عێراق باشتربوو، بەڵام بودجەكەی 83 ملیار دۆلار بوو، خۆ ئەو كاتە ئەو هەموو قەیرانە بەو شێوەیە سەری هەڵنەدابوو، بەڵام بۆچی نەتوانرا ئەو خزمەتگوزاریانە ئەنجام بدرێن؟ دیارە مالیكی سامانی ئەو چەند ساڵەی هەمووی بە شتی دیكە خەرج كردووە، بۆ نموونە ( شێخ و سەرۆك عەشیرەتەكان) كە مووچەیان پێ دەدرا، ئەمە چ سوودێكی هەبوو كە بەهەزاران سەرۆك عەشیرەت مەزەندە دەكرێت، سەیری ئەمە بكە دەبینیت كە لە نێوان 85 بۆ 100 هەزار چەكداری حەشدی شەعبی هەن كە مووچە وەردەگرن، عەبادی باسی لە 50 هەزار مووچەخۆری بندیوار كرد، كەچی لەو لاشەوە پتر لە 50 هەزاری دیكەی لە حەشدی شەعبی بە مووچە دامەزراند، كەواتە عەبادی چارەسەری ئەمەی نەكرد بەڵكو ئاڵۆزتری كرد، بۆیە تەنیا بڕینی مووچەی بندیوار چارەسەری رەوشەكە ناكات، ئەو چەكدارانە چەكیان پێویستە، هەروەها خۆراك و ئاوو خەرجیی دیكە، ئەوە بێنە بەرچاوی خۆت بودجەی میسر لە ساڵی 2015 تەنیا 37 ملیار دۆلار بووە، كە دانیشتوانی چوار ئەوەندەی عێراقە، بەڵام 37 ملیار دۆلار بەشی دەكات، بۆ نموونە عێراق باڵیۆزخانەی خۆی لە سینیگال دەكاتەوە كە هیچ سوودێكی نییە و ئەو هەموو خەرجییەی بۆ تەرخان دەكرێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1049)
