وڵاتی قەتەر چوار پرۆژەی گەورە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات
مانگی سووری قەتەری بەھاوکاریی رێکخراوی یونسێف، بە بڕی 2.25 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دوو پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ بۆ خاوێنکردنەوەی ئاوە پیسەکان و پاراستنی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و سوریا، کە ماوەیەکی زۆرە لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون، جێبەجێ دەکات.
بڕیارە پڕۆژەی یەکەم لە کەمپی قوشتەپەی شاری ھەولێر ئەنجام بدرێت ، کە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان و سوریای تێیدا نیشتەجێن و پڕۆژەی دووەمیش لە کەمپی ئاشتی لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
کەمپی قوشتەپە 6285 ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە 40%ـی ئاوارەکان منداڵن و ھەروەھا لە کەمپی ئاشتی لە شاری سلێمانی 7319 کەس نیشتەجێن.
ھەر لە میانی ئەم پڕۆژانەدا، مانگی سووری قەتەری پڕۆژەیەکی دیکەی لە بەردەستە بۆ گواستنەوەی ئاوی خاوێن بۆ ئاوارەکان لە کەمپی دارەشەکران لە هەولێر و کەمپی عەربەت لە سلێمانی، کە پڕۆژەکە بڕی 793 هەزار دۆلاری ئەمریکی تێدەچێت.
باسنیووز
