نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگە تاکە هێزە لەسەر ئەرزی واقع شكستی بە گشت پیلانەكانی تیرۆرستان هێناوە

نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگە تاکە هێزە لەسەر ئەرزی واقع شكستی بە گشت پیلانەكانی تیرۆرستان هێناوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێم کوردستان ڕایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە پێویستیان بە چەکی نوێی و مەشق و ڕاهێنانی زیاتر هەیە.

دوێنێ شەممە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی کۆنگرێسمان دانا رۆهربێچەر و ستیڤ کینگ کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی هەرێم و ئاوارەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش گفتۆیان لەبارەوە کرا.

شاندەکە کۆنگرێس دووپاتی کردەوە کە هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و بە تایبەتی ئەمەریكا لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن.

هەروەها ئاشكرایان كرد "ئەوان ڕەشنووسی پڕۆژە یاسایەكیان پێشكەش بە كۆنگرێسی وڵاتەكەیان كردووە بۆ ئەوەی ئەو كارەساتە گەورەیەی بەسەر ئێزدییەكان و كرستیانەكان هاتووە، وەك جینۆساید بناسێنرێ".

سەرۆکی حکومەتیش وتی "پێشمەرگە تاکە هێزە لەسەر ئەرزی واقع شكستی بە گشت پیلانەكانی تیرۆرستان هێناوە، بەڵام بۆ بنەبڕکردنی یەکجاریی هەڕەشەکانی داعش پێشمەرگە پێویستی بە ڕاهێنان و چەكی زیاتر و نوێتر هەیە".

ئاماژەی بەوەش کرد، بەجینۆسایدناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر ئیزدی و کریستیانەکاندا هاتوون یەکێکە لە داخوازیە هەرە سەرەكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لەبارەی ئاوارەکانیشەوە نێچیرڤان بارزانی وتی، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پاراستن و هاوکاریکردنیان، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێویستی بە پشتگیریی و هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە.
Top