دەمیرتاش دووپاتی کردەوە؛ دژی سیستەمی سەرۆكایەتییە

 دەمیرتاش دووپاتی کردەوە؛ دژی سیستەمی سەرۆكایەتییە
هاوسەرۆكی پارتیی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"، دووپاتی کردەوە، كە ئەوان وەكو هەدەپە ئێستایش دژی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانین بۆ سەرۆكایەتی و دەڵێت، لەو ڕووەوە هیچ گۆڕانێك بەسەر هەڵوێستی پارتییەكەیاندا نەهاتووە.

ئەو لە كاتی قسەكردنی بۆ رۆژنامەنووسان لە ئامەد، ئاماژەی دا كە توركیا پێویستی بە نووسینەوەی دەستوورێكی تازە هەیە، بەڵام ئاكەپە هەڵە دەكات كە دەستوورێكی تازە بە سیستەمی سەرۆكایەتییەوە ببەستێتەوە.
(دەمیرتاش) گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین دەستوورێكی تازە بۆ توركیا بنووسرێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستایش داكۆكی لە بەڵێنەكەی خۆمان دەكەین كە بە خەڵكمان دابوو بەوەی دژی سیستەمی سەرۆكایەتین، بڕوا ناكەم لەو ڕووەوە هیچ هەڵوێستێكی دژمان هەبێت. هەدەپە لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانییە".


لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە پرسی قۆناغی چارەسەری كرد و گوتی، پێویستە ئەو پرسە لە پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و، پەلە بكرێت لەوەی دووبارە قۆناغی چارەسەری بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ئەو پرسە كۆتایی پێ بێت. هەروەها باسی لەوەیش كرد كە، وەكو هەدەپە لەگەڵ ئەوەدان چەك بێدەنگ بێت و ئیدی شەڕ بە هیچ شێوەیەك روو نەداتەوە.


لە بارەی ئەو خەندەقانەیشی كە لە باكوور پەكەكە لێی داون و، زۆرێك پێیان وایە خەڵكی باكوور لەبەر ئەو خەندەقانە دەنگیان بە هەدەپە نەداوە، ئاماژەی دا: "بابەتی خەندەق گەورە كراوە، خەڵك لەبەر ئەو خەندەقانە نییە كە دەنگی بە ئێمە نەداوە، بەڵكو زانیاریمان هەیە كە زۆرێك لە لایەنگرانمان نەچوونەتە سەر سندوقی دەنگدان، ئەمەیش هۆكاری خۆی هەیە. هەروەها ئێمە زۆرێك لە دەنگەكانمان لە رۆژئاوای توركیا لە دەست داوە، نەك لە رۆژهەڵاتی توركیا".
Top