ئێمینكی و سهلیم جبووری باسی پێشمهرگهیان كرد
ئەمڕۆ چوار شەممە ٤/١١/٢٠١٥ لە فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی (د. جهعفهر ئیبراهیم ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە (د. سلیم جبووری) سەرۆکی ئەنجومەنی نوێەرانی عێراق کرد.
لەو پێشوازییە کە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و نیهاد قۆجە قائیمقامی هەولێریش لەوێ بوون، هەردوو لا لەبارەی ڕەوشی سیاسی عێراق و ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سەربازی و بەرگرییەکانی هێزی پێشمەرگە بەرامبەر داعش گفتوگۆیان کرد.
شایانی باسە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەکانی دیداری مێری کە لە هەولێری پایتەختی هەرێم کارەکانی بەڕێوە دەچێت گەیشتە پایتەختی هەرێمی کوردستان.
له دیدارێكی دیكهدا ئەمرۆ چوارشەممە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینگەی خۆی لە پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێکی ڕێکخراوی فریکوردستان ڕێنجەر کرد.
لە دیدارێکدا کە هیڤا میرخان و نازم کەبیر و نەجات محهمهد ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانیش لەوێ بوون، شاندەکە پوختەیەکیان لەچالاکیەکانی خۆیان پێشکەشی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد کە لەچیای شنگال بۆ ئاوارەو لێقەوماوان پێشکەشیان کردوەو ئازایەتی هێزی پێشمەرگەیان لەبەرپەرچ دانەوەی مەترسی و هەرەشەی داعش بەبەرزی نرخاند و ستایشی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد لە پێشوازیکردنی ئاوارە و لێقەوماو لە هەموو ئایین و نەتەوە و مەزهەبێک سەرەرای ئەو قەیرانانەی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئەوەشیان ڕاگەیاند گەلێک بەم شێوەیە هەڵسوکەوت بکات مافی خۆیەتی سەربەخۆییی خۆی لە هەموو ڕوویەکەوە وەدەست بێنێ.
د. جهعفهر ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و سوپاسی کردن کە لە بارودۆخی دژوار و سەختی ئاوارەکان لە شنگال ئەوان بە پێی توانا لە چیای شنگال خزمەتی خەڵکیان کردووە و، لە کاتی سەردانی شاندی باڵای پەرلەمان بۆ سەر چیای شنگال لە نزیکەوە ئاگاداری چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە بوون و، ئەوەشی ڕاگەیاند کلتووری پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان ئایین و پێکهاتەکان مێژوویەکی قووڵی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و هەرگیز دوژمنان و ناحەزان نەیانتوانیوە ئەم کلتوورەی خۆشەویستی و ڕێزگرتنەی نێوان لایەنەکان تێک بدەن.
لە کۆتاییدا دیدارەکەشدا شاندی ڕێکخراوی فریکوردستان ڕێنجەر مەدالیا و بڕوانامەی ڕێزلێنانیان پێشکەشی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و، هیڤا میرخان ئەندامی پەرلەمان کرد و، لە بەرامبەردا ئارمی پەرلەمان و ئاڵای کوردستانیان پێ بەخشرا.
