بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان، پارتی گفتوگۆ دەكات
ئەندامێکی فراکسیۆنی زەرد لەپەرلەمانی کوردستان شوان شێخ ئەحمەد رایگەیاند:" پارتیی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ گۆران ھەبوو، بەڵام ئەوان لەحکومەت بوون و لەھەمانکاتدا ئۆپۆزسیۆنیش بوون، بۆیە لەدوای سوتاندنی بارەگاکانی پارتیی و شەھیدکردن و بریندارکردنی کادیرەکانی ئەو رێککەوتنەی ھەڵوەشاندنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکات بۆ ئەوەی پۆستەکانی گۆران لەحکومەت و پەرلەمان پربکرێنەوە.
وتیشی: ئومێدەوارین لایەنەکانی دیکەش رازی بن، بۆئەوەی ئەو پۆستانە پربکرێنەوە، ھەر چەندە لەئێستادا بەشێوەی کاتی پرکراونەتەوە.
شوان شێخ ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا: لەدوای دەرکردنی گۆران لەئێستادا رەوشەکە ھەندێک ئارامبووەتەوە، چونکە ئەوان بەبەردەوامی لەراگەیاندن و لێدوانی بەرپرسەکانیان و ھاندانی خەڵک، پشێویان دروست دەکرد.
ئەوەشی خستەروو: جارێکی دیکە پارتیی رێگەنادات گۆران بەشدار ببنەوە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پۆستەکان پردەکەنەوە، چونکە ئەو ئەزموونەی لەگەڵ گۆران ھەبووە دووبارەی ناکاتەوە، بۆیە ئەوانیش دەتوانن تاوەکو ھەڵبژاردنی داھاتوو ببنە ئۆپۆزسیۆن.
