چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆك بارزانی دەکەین
“فەریق جەمال محەممەد” سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاگەیاند: ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ ئازادکردنەوەش شنگال، بەڵام چاوەڕوانی فەرمانی “مەسعود بارزانی” سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین، تا سەعاتی (سفر)دیاری بکات و هێرش ئەنجام بدرێت، گوتی: “لە ئێستاوە بەرنامەی سەربازی و ستراتیژی دانراوە، بۆ چۆنییەتی چوونە ناو شنگال و مانەوەی لەو شارە. سەرجەم ئامادەکاریەکان بۆ ئەو ناوچانە دیاری کراوە، کە پێشمەرگە هێرشی بۆدەکات، خۆشی ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگە، ناوەڕاستی ڕێگای موسڵ و تەلەعفەر و سوریایە”.
گوتیشی: “پێویستمان بەهیچ هێزێک لەدەرەوەی پێشمەرگە نییە و قبوڵ لەهیچ هێزێک ناکەین دەست وەربداتە ناو کاروبارەکانمانەوە، و ئاگاداری هەموو لایەکیش کراوەتەوە کە دەستوەرنەدەنە کاری پێشمەرگە لەکاتی هێرشەکاندا”.
فەریق جەمال، ئەوەشی خستەڕوو: داعش لەماوەی ساڵێکدا لەناو شنگال شەڕدەکەن، بەڵام بەرانبەر بە هێزی پێشمەرگە هیچ شتێکیان پێناکرێت، ئێستاش ژمارەی چەکدارانی داعش لەشنگال زیاد کراوە، چونکە دەزانن پێشمەرگە بەرنامەی ئازادکردنەوەی هەیە و بەردەوامیش فرۆکەی هاوپەیمانان بنکەو بارەگاکانیان دەکاتە ئامانج”.
باسنیوز
