مەدحەت سەنجار: توركیا ده‌بێ وه‌كو برا بڕوانێتە كورده‌كانی ‌سووریا

مەدحەت سەنجار: توركیا ده‌بێ وه‌كو برا بڕوانێتە كورده‌كانی ‌سووریا
(مەدحەت سەنجار) ئەندام‌پەرلەمانی هەدەپە لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، ڕەخنەی لە حکوومەتی تورکیا و بە تایبەت پارتی دادوگەشەپێدان، ئاکەپە گرت، بەوەی پەکی پرسی قۆناغی چارەسەرییان خستووە و، لەسەر حیسابی کورد شەڕیان هەڵگیرساندووەتەوە.

سەنجار لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی تورکییەکەی ئێن‌تی‌ڤی، ئاماژەی دا کە بە داخەوە (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان) سەرکۆماری تورکیا بووە بایس پرسی قۆناغی چارەسەری.
ئەو دەڵێت: "ئێمە ماوەی 30 ساڵ دەبێت بە دەست ئازاری شەڕەوە دەناڵێنین، دەبا هەموومان پشتی پرۆسەی ئاشتیمان گرتبا و، نەک پەکی بخەین؛ هەق بوو ڕێککەوتنەکەی دۆڵمەباخچە جێبەجێ بکرابا، نەک پشتگوێ بخرێ."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زۆر بە توندی ڕەخنە لە ئەردۆگان دەگرێت و، دەڵێت ئەو پێشتر پیلانی دانابوو بۆ ئەوەی پرسی قۆناغی چارەسەری بوەستێنێت. هەروەها پارەیەکی زۆری خەرج کردوە بۆ ئەوەی گروپی تیرۆرستی داعش گەورەتر و، بەهێزتر بێت و پاشان دژی کوردان بەکاری بهێنێت.
ئەو گوتی: "هەموو تورکیا شایەتە کە چۆن ئاکەپە هەموو هەوڵێکی دا تا هەدەپە نەتوانێت بەربەستی هەڵبژاردن بشکێنێت، بەڵام پێ نەکرا. ئێستایش لە ڕێگەی ترسەوە دەیەوێت لایەنگرانمان بترسێنن تا دەنگ بە هەدەپە نەدەن، بۆ نموونە لەسەر دیواری ماڵان شت دەنووسن بۆ ترساندنی خەڵک، بەڵام با بزانن ئێمە دەمێکە لەو ڕێگەیەوە هاتووینەتەوە کە ئەوان ئێستا پێیدا تێپەڕ دەبن".
ئەو دەڵێت: "ئەگەر تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سووریا وەکو برا سەیری کوردەکان نەکات، لەناو تورکیایش ناتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات."
Top