یەکێتی ئەوروپا بانگهێشتی فەرماندەکانی پێشمەرگە دەکات
شێخ جەعفەر شیخ مستەفا فەرماندەی هێزەکانی 70 سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند:" وەک فەرماندە مەیدانییەکانی بەرەی شەڕ لە هەرێمی کوردستان بانگهێشتکراوین بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، هاتووین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەو وڵاتانە و بەتایبەتی هەنگاریا کۆببینەوە".
سەبارەت بەوەی ئەگەر پرسیاری ئامادە نەبوونی وەزیری پێشمەرگەیان کرد، وەڵامتان چی دەبێت؟، شێخ جەعفەر رایگەیاند:" لە بانگهێشتنامەکەدا داوای وەزیری پێشمەرگە نەکراوە تەنیا داوا کراوە کە شاندێک لە وەزارەتی پیشمەرگە سەردانی پەرلەمانی ئەوروپا بکات".
فەرماندی هێزەکانی 70 سەبارەت بە داواکارییەکانیان لە پەرلەمانی ئەوروپا، گوتی:" داوای هەموو ئەو پێداویستیانە دەکەین کە پێویستە بۆ پێشمەرگەو بۆ شەڕی دژی داعش".
یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی ئامادەبوو لە شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەلجیکا، سیروان بارزانی فەرماندەی میحوەری گوێڕ- مەخمووری پێشمەرگەی کوردستانە، ئەو بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" ئێمە لێرە سوپاسی وڵاتانی ئەوروپا دەکەین بۆ ئەو یارمەتیانەی کە پێشکەشیان کردووە بە هێزی پیشمەرگە، بەڵام ئەو هاوکاریانە زۆر کەم بووە و داوا دەکەین کە هاوکاریەکان زیاتر بکرێن، بەتایبەت لەم وەرزەدا کە بەرەو سەرما دەڕۆین و دەبێ پێداویستی بەرەکانی شەڕ لەم وەرزەدا دابینبکرێت".
سیروان بارزانی هەروەها رایگەیاند:" داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەین کە راستەوخۆ نوێنەرایەتی ناتۆ لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە".
دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند:" ئەو سەردانەی فەرماندەکانی پێشمەرگە لە چوارچێیوەی سەردانەکانی پێشترە بۆ بەلجیکا، بۆیە پەرلەمانی ئەوروپا داوایکرد فەرماندە مەیدانییەکانی هێزی پیشمەرگە سەردانی پەرلەمانی ئەوروپا بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێبیستی داواکارییەکانیان بن".
رووداو
