خۆشەوی خەلیل: هەموو لایەك باش دەزانین كە تاقمەكەی نەوشیروان خەریكی چ بەزمێكن و، بەڵام هەوڵەكەیان بێهوودەیە
(خۆشەوی خەلیل) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەیەكە لێدوان و لێكدانەوەی زۆر پێچەوانە لەلایەن تاقمەكەی نەوشیروان مستەفاوە بۆ سەردانەکەی ئەو شاندەی حکوومەتی هەرێمی كورستان دەكرێت، كە تا چەندی ڕۆژی دی بڕیارە بچێتە بەغدا، كە ئەمەش بەرنامەی خۆیانە وای پێشان دەدەن حکوومەتی هەرێم لە ڕووی داراییەوە شكستی هێناوە، بۆیە سەردانی بەغدا دەكات و ئەم شاندەی سەردانی بەغدا دەكات شاندی پارتییە نەك حکوومەت! خۆ حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی سەربەخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت و، پەرلەمانیش ئەم ڕێگایەی بە حکوومەت دا، ئەم قەیرانانەی ڕووی لە هەرێم كردووە لە كاتی سەربەخۆفرۆشتنی نەوتی هەرێم بەرۆكی هەرێمی نەگرتووە، بەڵكو دوو ساڵ دەبێت بەهۆی سیاسەتە چەوتەكانی (مالیكی)ەوە بودجە و مووچەی هەرێم ڕەوانە نەكراوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە: "هەموو لایەك باش دەزانن كە تاقمەكەی نەوشیروان لە پەرلەمان و حکوومەتدا خەریكی چ بەزمێكن و، چ دەكەن كە شكست بە حکوومەتی هەرێم بێنن. بەڵام هەوڵەكەیان بێهوودەیە و، شكستخواردووە. ئێمە تاوەكو ئێستا لە چوارچێوەی حکوومەتی عێراقداین و ئەم سەردانەی سەرۆكی حکوومەتیش بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە كار لەسەر ئەو ڕێككەوتنە بكرێت كە لەگەڵ بەغدا كراوە لەبارەی نەوتی هەرێمەوە، ئەمەش كارێك نییە پارتی بیكات، بەڵكو حکوومەتی هەرێم بەڕێوەی دەبات. چونكە هەرچەندە ئێمە ئێستا ئازادانە نەوتی خۆمان دەفرۆشین و، لە زۆر بابەتدا سەربەخۆین، بەڵام هەر لە چوارچێوەی عێراقداین، بۆیە دەبێ گفتوگۆ بەردەوام بێت."
دووپاتیشی كردەوە كە: "ئەوەندەی نەماوە پرۆژەیاسای بوودجەی 2016ی عێراق دابڕێژینەوە؛ بۆیە گرینگە بە ڕێككەوتنە نەوتییەكەی نێوان هەولێر و بەغدادا بچنەوە. چونكە حکوومەتی ناوەند لە 2015دا پابەندی ئەم ڕێككەوتنە نەبوو کە خۆی كردبووی، جێبەجێی نەكرد و، بەشەبوودجەی هەرێمی نەدا. ئەم شاندەیشی سەردانی بەغدا دەكات تەمسیلی حکوومەتی هەرێم دەكات نەك پارتی."
