هێزێكی ئەمریكا 70 كورد لەدەستی داعش رزگاردەكات
بەپێی هەواڵێكی CNN، شەوی رابردوو هێزێكی تایبەتی سوپای ئەمریكا ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی بۆ رزگاركردنی چەند گیراوێکی كورد لە شارۆچكەی حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك ئەنجامداوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەشدا 70 بارمتە رزگاركراون.
بەپێی میدیا ئەمریكییەكان، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا هێزێكی تایبەتی كوردی بەشداربووە، بەڵام سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بێئاگایی لەو ئۆپەراسیۆنە راگەیاند.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا "پنتاگۆن" رایگەیاندووە، كە ئۆپەراسیۆنەكە بە هەلیكۆپتەری سەربازی بۆسەر زیندانێكی گرووپی داعش لە نزیك حەویجە ئەنجامدراوە، 70 گیراوی كورد رزگاركراون، ژمارەیەكی زۆری چەكداری داعشیش كوژراون و دەستگیركراون، سەربازێكی هێزە تایبەتەكەی ئەمریكاش كوژراوە.
هاوكات نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەی بۆ رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی پشڕاستكردووەتەوە، راشیگەیاندووە كە كۆمەڵێك كەس رزگاركراون.
رووداو
