ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: یەپەگە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە

 ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: یەپەگە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە
لە راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی لێبوردنی گشتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە بە راگواستنی خەڵکی گوندە عەرەبییەکانی ئەو ناوچانەی بەم دواییانە لەژێر دەستی داعش دەریان هێناون، تۆمەتبار کراون و خەڵکی ناوچەکەش دەڵێن" شەڕڤانان ئەوانیان لە شوێنەکانی خۆیان بەزۆر دوورخستوونەتەوە".

ئەمنستی لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت " پارتی یەکێتی دیموکرات پەیەدە کە بووەتە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکا لە سووریا، تۆمەتی ئەوەی لەسەرە بەزۆر خەڵکی لە ناوچەکانی خۆیان راگواستبێت، راگواستنی ئەو کەسانەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە باڵی سەربازی پەیەدە ئەو خەڵکانەی بە هاوکاریکردنی چەکدارانی داعش لە ماوەی رابردوودا تۆمەتبار کردووە".

رێکخراوەکە دەڵێت" ئەو گوندانە پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوون، بەڵام دوای ئەوەی شەڕڤانان ناوچەکەیان لە داعش پاککردووەتەوە، گومانی ئەوەیان هەبووە خەڵکی گوندەکان هاوکارییەکی زۆری داعشیان کردبێت و هەندێکیشیان پێشتر ئەندامی گرووپی داعش بوون، بۆیە لە ناوچەکانی خۆیان وەدەری ناون".

ئەمنستی لە راپۆرتەکەشدا یەپەگە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکات و دەڵێت" بەڵگەیان لەبەردەستدایە کە هێزەکانی یەپەگە دوای سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا پێشێلی مافی خەڵکی مەدەنی کردووە و هەوڵیداوە خەڵکی مەدەنی بە گومانی پەیوەندییان بە داعشەوە سزا بدات".

هەندێک لەو عەرەبانەی ناوچەکەش گوتویانە کە یەپەگە هەڕەشەی ئەوەیان لێکردوون ئەگەر ناوچەکە چۆڵنەکەن دەبنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا.

بە پێی گوتەی ئەمنستی ئەو کارانەی یەپەگە لە نێوان مانگی حوزەیران تاوەکو مانگی ئاب و لە ناوچەکانی سەر بە حەسەکە و رققە روویانداوە.

بەڵام ئەو بەڵگانەی ئەمنستی دەیانخاتەڕوو پشتیان بە لێدوانی عەرەبەکانی ناوچەکە بەستووە و بەشێکی بەڵگەکانیشیان وێنەی فۆتۆگراف و دیمەنی رووخانی نزیکەی 225 باڵەخانەیە کە تاوەکو حوزەیرانی 2014 بەبێ زیان ماونەتەوە، دواتر لە وێنەیەکەی دیکەدا کە لە حوزەیرانی 2015 گیراوە، هەموو ئەو باڵەخانانە داڕوخاون.

ئەمنستی ئاماژەی بەوە نەکردووە، کە ئایا باڵەخانەکان لەلایەن یەپەگەەوە رووخێنراون یان بەهۆی بوونی داعشەوە لەوێ کەوتوونەتە بەر هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان. بەڵام خەڵکی ئەو ناوچەیە کە عەرەبن، دەڵێن یەپەگە بە بلدۆزەر و شۆفڵ رووخاندوونی.

لەبەرامبەردا یەپەگە ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان ئەو خەڵکەیان تەنیا لەبەر پاراستنی ژیانیان گواستووەتەوە، چونکە ناوچەکە زۆنی شەڕ بووە و هێرشی ئاسمانی لە ناوچەکەدا ئەنجام دراوە.













رووداو
Top