قەرەداغی پەیامێک بۆ حزب و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەنێرێت

قەرەداغی پەیامێک بۆ حزب و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەنێرێت
ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیھانیی زانایانی مسوڵمان پەیامێک ئاراستەی حزبە سیاسییەکان، هاووڵاتییان و دامودەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیھانیی زانایانی مسوڵمان، کە هاوکاتی سەرۆکی رابیتەی ئیسلامی کوردە، لە بەیاننامەیەکدا، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە باسنیوز، رایدەگەیەنێت، کە مانگی ئاب هەموو لایەنە سیاسییەکانی لەوە ئاگادار کردووەتەوە، کە ”کوردستان بەرەو ئایندەیەکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت“.

عەلی قەرەداغی هەروەها داوا لە دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ”رێگە نەدەن بارەگای ھیچ حیزب و دەزگایەکی حکومەت بکەونە بەر ھەڵمەتی توندوتیژی تاڵانی و سوتاندن“.

دەقی بەیاننامەکەی عەلی قەرەداغی:

بەیاننامەی دکتۆر عەلی قەرەداغی لەسەر بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان

دکتۆر عەلی قەرەداغی: لایەنە سیاسیەکان بەرپرسیاری یەکەمن و پێویستە بڕیاری چارەنوس سازی خۆیان بدەن

الحمد للە رب العالمی والێلاە والسلام علی رسولە الڕمین وعلی آلە وێحبە ومن تبع ھداە وبعد

لە مانگی ھەشتدا کە ھاتمەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەستم کرد کە بەھۆی ئەو قەیرانە سیاسیانەی کە ھەیە بەتایبەتیش لە ئاست کێشەی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کوردستان بەرەو ئایندەیەکی مەترسیدار ھەنگاو دەنێت ھەر لەو کاتەوە سەردانی ھەموو لایەنە سیاسییەکانم کردو لە مەترسی شەڕی ناوخۆو توندو تیژی و دوو ئیدارەیی ئاگادارم کردنەوە، بەڵام بەداخەوە لایەنە سیاسیەکان پاش ئەنجامدانی (٩) کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک نەگەیشتنە ھیچ رێکەوتنێک، ھاوکات لەگەڵ ئەو قەیرانە سیاسیەدا بارودۆخێکی خراپیش رووی کردە ھەموو چین و توێژەکان و باری گوزەرانیان بەرەو خراپی چوو کارمەندانی حکومەت بۆ ماوەی سێ مانگ موچەکانیان دوا کەوتووەو بەشێوەیەکی گشتی مەترسی لەسەر گوزەران و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ھەموو کەرتەکانی ژیان لەھەرێمی کوردستاندا دروست بوو .

لە ئەنجامی بەبنبەست گەیشتنی کۆبوونەوەکان و بێ ئومێد بوونی خەڵک لە پارتە سیاسیەکان، شەقامی کوردستان دەستیان دایە خۆپیشاندان دژ بە دواکەوتنی مووچەو خراپی باری گوزەرانیان، کە ئەمەش مافی رەوای ھەموو چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیە، بەڵام بە داخەوە نەتوانرا ئەم خۆپیشاندانە کۆنترۆڵ بکرێت و لە پارێزگای سلێمانی و دەورەبەری رووی لە توندو تیژی کردو لە ئەنجامدا چەندان شەھید و برینداری لێ کەوتەوە، کە بەڕاستی ئەمە جێگەی داخ و خەفەت و نیگەرانیە.

چونکە ڕژانی خوێنی ھەر ھاوڵاتیەک لای خوای گەورە، گەورەترە لە رووخانی کەعبە، لەھەمان کاتدا دەرگا کردنەوەیە بەڕووی دەلاقەیەکی مەترسیدار کە ئێمەی کورد دەیان ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنین، لەبەرئەوە لەم قۆناغە ھەستیارەدا من داوا لە ھێزە سیاسیەکان و جەماوەری کوردستان بەھەموو چین و توێژەکانیەوە دەکەم کە ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و رێگە لە ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە بگرن بەم شێوەیە :

لە رێگەی سەرۆکی ھەر پێنج پارتە سیاسیەکەی کوردستانەوە، بەیاننامەیەکی ھاوبەش دەربکەن بۆ ھێورکردنەوەی ھاووڵاتیان .

ھەرچی زووە بگەنە رێککەوتن لەسەر خاڵە ناکۆکەکان و پاراستنی خوێنی ھاوڵاتیان بە گەورەتر بزانن لەھەر دەستەکەوتێکی حیزبی.

ھەرچی زووە کار بکەن لە پێناو دابین کردنی سەرەتایی ترین مافی جەماوەر کە وەرگرتنی موچەو پێدانیەتی لەکاتی خۆیدا.

با ڕێگە نەدەین کە بەم ھۆیەوە ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستمان ھێناوە لە بنیاتنانی حکومەتی ھەرێمدا بەفیڕۆ بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر.

با دەزگاکانی ئاسایشی و پۆلیس لە ھەرێمی کوردستاندا وەک دامەزراوەیەکی بێ لایەن کار بکەن و رێگە نەدەن بارەگای ھیچ حیزب و دەزگایەکی حکومەت بکەونە بەر ھەڵمەتی توندوتیژی تاڵانی و سوتاندن.

سازش کردن لەئەمڕۆدا بۆ رێگەگردتن لە ڕژانی خوێنی ھاوڵاتیان گەورەترین سەربەرزیە، لەبەرئەوە داوا لە چوار لایەنەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم ھەتا بارودۆخەکە لەدەست ھەموو لایەک دەرنەچووە بگەڕێنەوە بۆ مێزی گفتوگۆو بەبڕیارێک چارەسەری کێشەکان بکەن و کۆتایی بەقەیرانەکانی ئەم گەلە دڵسۆزو خەبات گێڕو لەخۆ بردوە بھێنێت.

والسلام علیکم ورحمە اللە وبرکاتە
پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان سەرۆکی رابیتەی ئیسلامی کورد
10/10/2015







باسنیوز
Top