به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له 65 ساڵوه‌گه‌رِی دامه‌زرانی پارتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا
نوێبوونه‌وه و دادپه‌روه‌ری و پێكه‌وه‌ژیان
به‌ر له 65 ساڵ، سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان و رابه‌ری نه‌ته‌وه‌ییمان (مسته‌فا بارزانی نه‌مر) دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی له 16 ئابدا راگه‌یاند. له‌و سه‌رده‌مه‌دا كۆكردنه‌وه‌ی هێزی سیاسی له كاروانی شۆرِگێرِانه‌ی نیشتمانیدا و گردكردنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی گه‌لی كوردستان له به‌رنامه‌یه‌كی رزگاریخوازدا پێویستییه‌كی مێژوویی بوو. به‌بێ بوونی حزبێكی شۆرِشگێرِی سه‌رتاسه‌ریش ئه‌م كاره مه‌حاڵ بوو. بۆیه بارزانی نه‌مر پارتی دیموكراتی كوردستانی دامه‌زراند و له ماوه‌یه‌كی كورتدا هه‌موو چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ره‌وته فیكری و سیاسییه‌كانی تێدا كۆبوونه‌وه و رابه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستانی كرد بۆ به‌دیهێنانی مافه ره‌واكانی.
پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر رۆشنایی رێبازی بارزانی نه‌مر هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه، خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی كوردی له‌گه‌ڵ خه‌باتی دیموكراسیخوازانه‌ی خه‌ڵكی عێراقدا لێك گرێدا و ده‌ستی هاوكاری تێكۆشه‌رانه‌ی بۆ خه‌باتی هێزه سیاسییه عێراقییه‌كان درێژكرد و له‌وساوه تا ئێستا پارتی وه‌كوو دۆستی راسته‌قینه و پشتیوانی شێلگیری دیموكراتخوازانی عێراق ناسراوه و متمانه‌ی پێكراوه.
له قۆناغه جیاجیاكانی خه‌باتی سه‌خت و پرِ قوربانیدا پارتی دیموكراتی كوردستان درێژه‌ی به كاروانی شۆرِش و تێكۆشانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری داوه و سه‌دان سه‌روه‌ریی بۆ گه‌لی كوردستان و بزاڤه رزگاریخوازه‌كه‌ی تۆماركردووه و ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی به‌دیهێناوه‌و دیرۆكی ئه‌م گه‌له‌ی به خوێنی هه‌زاران شه‌هید و رۆڵه‌ی قاره‌مان نووسیوه‌ته‌وه‌و له‌به‌رهه‌مهێنانی ئه‌مرِۆدا پشكی یه‌كجار زۆری به‌رده‌كه‌وێ و به جیهانبینی و حیكمه‌تی تێكۆشه‌رانه و به‌پشبه‌ستن به رێبازی بارزانی نه‌مر و رابه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی نه‌خشه‌رِێی بۆ ئاینده‌ی ئه‌م گه‌له دارِشتووه.
له رۆژی دامه‌زرانییه‌وه پارتی دیموكراتی كوردستان رووبه‌رِووه له‌گه‌ڵ رۆژگاری سه‌خت و هێرشی دوژمنكارانه‌ی شۆفێنی بۆ سه‌ر كورد و بزووتنه‌وه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق و هێزه ئیقلیمییه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئیراده‌ی پۆڵایینی كورد و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه و برِوای رابه‌ری نه‌ته‌وه‌ییمان بارزانی نه‌مر زۆر له‌و پیلان و هێرشانه به‌هێزتربوون، سه‌ره‌نجام ئه‌وان شكستیان خوارد و پارتی سه‌ربه‌رز و دلێرانه درێژه‌ی به خه‌باتی خۆی داوه و له‌ماوه‌ی 65 ساڵدا كاروانی مافه ره‌واكانی گه‌لی كوردستانی گه‌یاندۆته ئه‌مرِۆ كه به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته‌ی تێدا ده‌چنینه‌وه.
له‌وساوه تا ئێستا چه‌ندین برِگه‌ی مێژوویی له‌سه‌رده‌ستی پارتی تۆماركراون و به خوێنی گه‌شی شه‌هیدان نه‌خشێنراون و شانازییه‌كه‌یان بۆ گیانفیدایی خه‌باتگێرِان و نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگه دلێره‌كانی شۆرِشی ئه‌یلوول و گوڵانی پێشكه‌وتنخواز نووسراوه‌ته‌وه و بایه‌خی یه‌كرِیزی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و خه‌باتی هاوسه‌نگه‌رانه له‌گه‌ڵ (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) ی هاوپه‌یمانی ستراتیژیمان و هه‌موو حزب و لایه‌نه شۆرِشگێرِه‌كانی گۆرِه‌پانی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌یسه‌لمێنن.
رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 كه ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان له عێراقدا چه‌سپاند، به‌رهه‌مێكی پرِبایه‌خی خه‌باتی پارتیمان و رێبازی ئاشتیخوازانه‌ی بارزانی نه‌مر بوو، دوای چه‌ندین ساڵ نه‌هامه‌تی و غه‌دری به‌عس و شاڵاوی ئه‌نفال و كیمیابارانكردن و جینوسایدكردنی گه‌له‌كه‌مان، ئه‌و رێككه‌وتنه بووه بنه‌مایه‌كی سیاسی و یاسایی بۆ فیدرالییه‌ت كه ئێستا له ده‌ستووری عێراقدا سه‌لمێنراوه.
راپه‌رِینی گه‌له‌كه‌مان له به‌هاری 1991دا و گردبوونه‌وه‌ی له‌ده‌وری به‌ره‌ی كوردستانی و به‌رِێوه‌بردنی كاروباره‌كان له رۆژگارێكی یه‌كجار دژوار‌دا كه هه‌رێمی كوردستان كه‌وتبووه ژێر دوو ئابڵوقه‌ی ئابوورییه‌وه. ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان زۆر له هێزی بێشووماری دوژمن به‌هێزتره. بۆیه سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بۆ رێزگرتن له‌م ئیراده‌یه رایگه‌یاند كه پێویسته شه‌رعییه‌تی شۆرششگێرِی بگۆرِدرێ بۆ شه‌رعییه‌تی یاسایی و له رێی ده‌نگدانی میلله‌ته‌وه دامه‌زراوه‌كانی حكومرِانی له هه‌رێمی كوردستاندا پێكبهێنرێن. ئه‌م ئیراده‌یه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت مه‌رجه‌ع و بنه‌مای هه‌موو به‌رنامه و چالاكی و برِیارێكی پارتی دیموكراتی كوردستانه و له هه‌موو كارێكیدا بۆی ده‌گه‌رِێته‌وه و ده‌یكاته بنه‌مای چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی ناو هه‌رێم و به‌پشت به‌ستن به گه‌له‌كه‌مان دووپاتی ده‌كاته‌وه كه گفتوگۆی به‌رپرسانه‌ی نیشتمانی ته‌نیا رێگه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو گرفته‌كان و كاراكردنی رۆڵی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان به ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه بۆ به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی چاكسازی هه‌مه‌لایه‌نه‌دا كه ئامانجی هه‌موومانه و پارتیمان له سه‌ركردایه‌تی و به هه‌موو كادیر و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانییه‌وه پشتیوانی له كار‌و پرۆژه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و پرۆژه هاوبه‌شه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كات و له هه‌موو مه‌یدانه‌كاندا ده‌بینه پێشمه‌رگه‌ی چاكسازی.
له‌م كاته‌شدا كه له عێراقدا جموجووڵی تیرۆریستانه و ره‌وتی شۆفینی و مه‌یلی دیكتاتۆریی له‌به‌ره‌یه‌كدا دژی مافه ره‌واكانی كورد له ناوچه دابرِێنراوه‌كاندا كۆبوونه‌ته‌وه، پێویسته ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه به مه‌رجه‌ع و خۆ ته‌یار بكه‌ین بۆ رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان و تواناكانی هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان بۆ داكۆكی كردن له ژیان و ماڵی كوردانی ئه‌و ناوچانه و بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق كۆبكه‌ینه‌وه.
ئه‌مرِۆ به‌رپرسیارێتی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و هه‌رچی زیاتر په‌ره‌پێدانیان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی گفتوگۆی نیشتمانی كه‌وتۆته ئه‌ستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌مه‌ش خه‌باتی ئه‌مرِۆی پارتییه‌كانی خستۆته بارته‌قای خه‌باتی پێشمه‌رگه‌كانی دوێنێ و هوشیاری و لێبوورده‌یی و گیانفیدایی و خۆرِاگریان لێده‌خوازێ و پێویسته خۆیان به گیان و وره‌ی پێشمه‌رگانه و فیداكاریی ته‌یار بكه‌نه‌وه و وه‌كوو له قۆناغه‌كانی رابردوودا سه‌رقافڵه بوون، له‌م قۆناغه‌شدا به هه‌مان وره و له‌خۆبوورده‌ییه‌وه و شانبه‌شانی هێزه دیموكراتی و نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان له‌پێشه‌وه‌ی كاروانه‌كه‌دا بن.
ئه‌مرِۆ كه یادی ساڵوه‌گه‌رِی دامه‌زراندنی پارتیمان ده‌كه‌ینه‌وه، چه‌ند مانگێكه كۆنگره‌ی سیازده‌ی پارتیمان كۆتایی به‌كاره‌كانی هێناوه، بۆیه بۆنه‌یه‌كی دروسته كه ئه‌و دروشم و ئامانجانه دووپاتبكه‌ینه‌وه كه پارتییه‌كان له‌و كۆنگره‌یه‌دا برِیاریان له‌سه‌ردا و كۆك بوون كه خه‌بات و تواناكانیان ته‌رخان بكه‌ن بۆ (نوێبوونه‌وه) ی پارته‌كه‌یان. بۆ هێنانه‌دی (دادپه‌روه‌ری) له‌ناو كایه‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كۆی ژیانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان. بۆ هێنانه‌دی ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دروست و له‌بار بۆ (پێكه‌وه‌ژیانی) سیاسی له‌نێوانی هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان. پێكه‌وه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوانی چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وینه‌ی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار و ژیانی به‌كه‌رامه‌ت بۆ هه‌مووان. بۆ پێكه‌وه‌ژیانی نێوانی هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاكانی هه‌رێمی كوردستان. بۆئه‌وه‌ی باخی هه‌رێمه‌كان هه‌رچی زیاتره به‌و جوانی و هه‌مه‌ره‌نگییه‌ی بگه‌شێته‌وه و تیشك بداته‌وه.
له 16ی ئابدا پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كان ده‌كاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت: جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق كه ته‌نیا زامنی یه‌كێتی خاكی عێراق و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان و دیموكراتی و سه‌قامگیریی هه‌موو عێراق و ده‌رچوونییه‌تی له‌و تونێله تاریك و پرِ قه‌یرانه‌ی تێكه‌وتووه.
خه‌باتی بێ پسانه‌وه بۆ راگرتنی شاڵاوی شۆفینی له‌دژی كوردانی دیاله و سه‌عدییه و جه‌له‌ولا و مه‌نده‌لی و ناوچه دابرِێنراوه‌كانی دیكه له پێشه‌وه‌ی كاره‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ن و پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌رگا له‌سه‌ر هه‌موو هه‌وڵه سیاسییه‌كان له‌و پێناوه‌دا ده‌كاته‌وه و هیچ خه‌یارێكی دیكه‌ش وه‌لاوه نانێت كه پێویست بكات بۆ پێش‌گرتن له‌و دوژمنكارییه. به‌ڵام دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 باشترین رێگه‌یه بۆ واڵاكردنی ئه‌م گرێكوێره‌یه‌ی له‌وه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق دروستبووه هه‌یه و به‌هۆی سیاسه‌تی شۆفێنیانه و كاری تیرۆریستانه و مه‌یلی دیكتاتۆرییه‌وه ئاڵۆزتر ده‌كرێ.
پارتی دیموكراتی كوردستان برِوای به پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی هاوسێیانه‌ی باش و رێزگرتن له ئیراده و سه‌روه‌ری نیشتمانیی وڵاتانی دراوسێیه و هه‌موو كاروكرده‌وه‌یه‌ك ره‌ت ده‌كاته‌وه كه زیان به سه‌روه‌ریی ئه‌وان و هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت. هه‌روه‌ها به‌توندی ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كه‌ینه‌وه كه خاكی هه‌رێمی كوردستان و گوند و دۆند و چیاكانی ئێمه بكرێنه مه‌یدانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه و ململانێ سیاسییه‌كان له نێوانی هه‌ر لایه‌ك و لایه‌كدا بێت. بۆیه پێویسته هه‌رچی زووتره حكومه‌تی جمهوری ئیسلامی ئێران تۆپبارانكردنی ده‌ڤه‌ره سنوورییه‌كانمان راگرێ و رێز له سه‌روه‌ری هه‌رێمه‌كه‌مان بگرێ و ژیان و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیلمان بپارێزێ. هاوكات كاتی ئه‌وه هاتووه كێشه‌كانی بباته‌وه ناو ماڵی خۆی و له‌وێ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنیان بكات. هه‌روه‌ها حكومه‌تی عێراقیش به‌رپرسیارێتی نیشتمانی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ كه جگه له پاراستنی سنووره‌كانی عێراق هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانی ئه‌م هێرشانه بكاته‌وه.
پارتی دیموكراتی كوردستان له چوارچێوه‌ی دروستكردنی په‌یوه‌ندی دروست و باش له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا ته‌ئكید له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كورد ده‌كاته‌وه له توركیا و ئێران و سوریادا و ئاماده‌یی خۆی دووپاتده‌كاته‌وه كه تواناكانی بۆ هاوكاریكردنی هه‌موو لایه‌نه‌كان ته‌رخان بكات له‌و پێناوه‌دا.
جه‌ماوه‌ری نیشتمانپه‌روه‌ری كوردستان
كه‌سوكاری سه‌ربه‌زی شه‌هیدانی رێی رزگاریی، خانه‌واده‌ی قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیاباران و تاوانه‌كانی جینۆساید.
پێشمه‌رگه دلێره‌كانی كوردستان، پارێزه‌رانی گه‌لی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان
به بۆنه‌ی 65 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتیمانه‌وه سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ هه‌مووتان داده‌نه‌وێنین و سڵاوی شۆرِشگێرِانه‌مان بۆ سه‌رجه‌م ئه‌نجوومه‌ن و لق و لیژنه و مه‌كته‌ب و ده‌زگا و ئۆرگانه‌كانی پارتیمان له ناوه‌و و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌نێرین.
ده‌ست له‌ناو ده‌ست له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان، له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان درێژه به‌خه‌بات ده‌ده‌ین له پێناوی به‌دیهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانمان.
وه‌فاداریمان بۆ رێبازه‌كه‌ی بارزانی نه‌مر دووپات ده‌كه‌ینه‌وه و په‌یمان تازه ده‌كه‌ینه‌وه كه بۆ ئه‌و ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتییانه تێ‌بكۆشین كه رابه‌ری نه‌ته‌وه‌ییمان له‌به‌رنامه‌ی پارتیدا كۆی كردنه‌وه و كاكه ئیدریسی جوانه‌مه‌رگ له رۆژگاری سه‌ختدا رووحی كردووه به‌به‌ریاندا و سه‌رۆك مسعود بارزانی ئه‌مرِۆ رابه‌رایه‌تی خه‌باته‌كه‌ی ده‌كات.
هه‌رشه‌كاوه‌بێت ئاڵای گه‌شی پارتیمان.
به‌رز و به‌رِێز بێت یادی 65 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16ی ئابی 2011
