لەرێی مانگی دەستکردەوە رووپێوی دارستانەکانی هەرێم دەکرێت

لەرێی مانگی دەستکردەوە رووپێوی دارستانەکانی هەرێم دەکرێت
بەڕێوەبەری گشتی دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، لە پێناو دەستکەوتنی داتاو جۆری و دار و دیاریکردنی مەترسیەکان و هەروەها چۆنێتی سوود وەرگرتن لە دارستانە سروشتیەکان، تەندەریان دەرکردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیایەکی بیانی لە رێی مانگی دەستکردەوە رووپێوی دارستانەکانی هەرێم بکات.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان حوسێن محەمەد کەریم بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لە بەر ئەوەی هیچ ئامار و داتایەکی نوی لە بارەی دارستانە سروشتییەکانی هەرێمەوە نییە و ئەوەشی کە هەیە بۆ ساڵانی شەستەکان دەگەرێتەوە، لە ئێستادا تەندەریان دەکردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی کۆمپانیایەکی بیانییەوە رووپێوی دارستانەکانی هەرێم بکرێت.

وتیشی: گرنگی ئەم رووپێوییە بریتییە لە دیاریکردنی جۆری دارەکان و ئەوانەی مەترسیان لەسەرە بۆ ئەوەی کاریان بۆ بکرێت و لەناونەچن و هەروەها وەدەستکەوتنی داتایە بۆ بەرواردکردن لە رووی زیادبوون یان کەمبوونەوەی دارستانەکان، چونکە لە ساڵانی نەوتەکاندا بەهۆی بارودۆخی سیاسیی کوردستانەوە زۆربەی دارەکانی ئەو دارستانانە برێندراوەنەوە و بوون بە سووتەمەنی و سودێکی دیکەی رووپێوییەکە سوود وەگرتنە لە ئامارەکە بۆ ئەوەی لە ناوەندەکانی خوێندن بە شێوەی ئەکادیمی بخرێتە مەنهەجەوە لە گەڵ کۆمەڵێک سودی دیکە.

کەریم ئاماژەشید: بە پێی ئاماری شەستەکان لە هەرێمی کوردستان لە سەر رووبەری چوار تا چوار ملیۆن و نیو دۆنم زەوی دارستانی سروشتی هەیە و 65 – 75% داری دارستانەکان بریتین لە داربەڕۆ.

بەرێوەبەری گشتی دارستان و پاوان راشیگەیاند: ئەو کۆمپانیایەی کە تەندەرەکەی بۆ دەردەچێت دەبێت رووپێوییەکە لە رێگەی مانگی دەستکردەوە ئەنجام بدات، چونکە لەم رێگەیەوە تەواوی جۆر و ئامار و رووبەری دارستانەکانیان دەستدەکەوێت.
Top