مەریوان نەقشبەندی: لە کوردستان هیچ کەسێک لە سەر بیروباوەڕی ئاینی دەستگیر ناکرێت
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم مەریوان نەقشبەندی بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە چەند دەزگایەکی راگەیاندنی بیانی هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هاوڵاتییەکی مەسیحی دانیشتووی پارێزگای دهۆک لە سەر ئینتیمای ئاینی و بانگەوازکردن بۆ مەسیحیەت دەستگیر کراوە، بەڵام ئەو هەواڵە دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەکی نییە.
وتیشی: لە هەرێمی کوردستان ئازادی تەواو بۆ هەموو ئاینە جیاوازەکان هەیە و هیچ هاوڵاتییەک لە سەر بیروباوەڕی ئاینی دەستگیر ناکرێت.
نەقشبەندی روونیشیکردەوە، ئەو هاوڵاتییە پێشتر شەبەک بووە و پێنج ساڵ پێش ئێستا بووەتە مەسیحی و ئێستاش لە سەر هەندی لێدوان و کاری نایاسایی کە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، لە لایەن ئاسایشی حکومەتی هەرێمەوە دەستگیر کراوە نەک لە سەر ئینتیمای ئاینی.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئاماژەی بەوەشدا، دەستگیر کردنی ئەو هاوڵاتییە هیچ پەیوەندییەکی بە وەزارەتی ئەوقافەوە نییە و وەڵامی تەواوی ئەو دەزگا راگەیاندنانەش دەدەینەوە کە ئەو هەواڵەیان بە هەڵە بڵاوکردۆتەوە.
