پڕۆژەی جوانکاری دەروازەی رانیە کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە

 پڕۆژەی جوانکاری دەروازەی رانیە کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە
بەمەبەستی بەخشینی سیمایەکی جوان بە سنورەکە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، پڕۆژەی جوانکاری و سەوزکردنی دەروازەی شارۆچکەی رانیە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی شارەوانی رانیە، ئەندازیار بەختیار ئەحمەد لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند، ئەوپڕۆژەیە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم جێبەجێدەکرێت کە بریتیە لە لێدانی بیرێکی قوڵ و دانانی تانکیەکی گەورەی ئاو لەسەر کلکەی کۆڵێنی دەروازەی شارۆچکەی رانیە و دروستکردنی شۆستەو شوێنی چاندنی نەمام لەو شۆستەیەدا و راکێشانی تۆڕی ئاودانی ئەو نەمامانە بە شۆستەکەدا بە درێژایی 1400 مەتر.

وتیشی: دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە و کەمبوونەوەی کاتی وەرزی گەرما 1400 نەمامیش لەو شۆستەیەی دەروازەی شارۆچکەکە دەچێنین کە بەتەواوبوونی سیمایەکی جوان بە شارۆچکەکەمان کە دەبێتە سەنتەری ئیدارەی راپەڕین دەبەخشێت.

لەلێدوانێکی پێشووتریشدا سەرۆکی شارەوانی رانیە بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر رایگەیاندبوو کە پێشنیارەکان بۆ فراوانکردن و جوانکاری ناو شارۆچکەی رانیە تەواو بووە و دوای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان و هاتنی بودجە دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە.
Top