حكوومەتی هەرێم: هیچ گرووپێكی چەكداری لە نێو خاكی هەرێم چالاكی دژی ئێران ئەنجام نەداوە
فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێم تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لە لایەن ئێرانەوە سەركۆنە دەكات، بەردەوامبوونی ئاڵۆزی و تۆپبارانكردنی ناوچە سنورییەكان لە بەرژەوەندیی ئێران نییە.
روونی كردەوە، تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكان هیچ پاساوێكی بۆ نییە، تەنیا ناسەقامگیركردنی ناوچە سنورییەكانە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی دوو وڵاتی دراوسێ و ئێرانیشدا نییە، بەردەوامبوونی تۆپبارانكردنەكە دەبێتە هۆی دڵەراوكێ و شێواندنی دۆخی تەناهیی ناوچە سنوریەكان.
حكوومەتی هەرێم و عێراقیش لە رێگەی دیپلۆماسییەوە كار دەكەن بۆ ئەوەی ئێران تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكان رابگرێت، چونكە ئێران لە ئێستەدا سەروەری خاكی عێراق پێشێلكاری دەكات، مستەفا واى گوت.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ لە نێو خاكی هەرێم هیچ گرووپێكی چەكداری چالاكی دژی ئێران ئەنجام داوە، بەرپرسی پێوەندییەكانى دەرەوەى حكوومەتى هەرێم گوتى، بەهیچ شێوەیەك هیچ گرووپێكی چەكدار چالاكی لە نێو خاكی هەرێم دژ بەئێران ئەنجام نەداوە، ئەوەی رووی داوە لە نێو خاكی ئێران بووە، ناشكرێ هەرێمی كوردستان ببێتە قوربانی ئەو جۆرە كردەوانە بدات.
هەروەها گوتى، هەرێمی كوردستان خاكی خۆی پاراستووە و رێگەشمان نەداوە هیچ گرووپێكی چەكداری چالاكی دژی هیچ كام لە وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدات، لە ماوەی پێشووتریش سیاسەتی حكوومەتی هەرێم دەستێوەرنەدان بووە لە كاروباری نێوخۆی وڵاتانی دراوسێ.
هەفتەیەكە تۆپخانەكانی سوپای ئێران بە بیانووی بوونی چەكدارانی پژاك لە ناوچە سنوورییەكان بەشێوەیەكی رژد خاكی هەرێمی كوردستان تۆپباران دەكەن، تا ئێستە ژمارەیەك لە هاووڵاتی بوونەتە قوربانی و ژمارەیەكی تریش برینداربوونە، هاوكات بە سەدان هاووڵاتی نیشتەجێی گوند و ئاواییەكانی سەر سنووری نێوان هەرێم و ئێران بەهۆی تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكان ناوچەكانیان بەرە و شارۆكەكانی سەر سنوور بەجێ هێشتووە.
