ئەمساڵ دەرگای قوتابخانەو خوێندنگەکان لە 10ی ئەیلوول دەکرێنەوە
لەراگەیندراوێکی وەزاەتی پەروەردە کە دانەیەکی ئاڕاستەی ئاژانسی پەیامنێر کراوە تیایدا هاتووە: وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بۆ بەرژەوەندی گشتی و رەخساندنی هەلی زیاتر بۆ سەرخستنی پرۆسەی نوێی خوێندن دەوامی فەرمی ساڵی نوێی خوێندنی قوتابخانەو خوێندنگەکان لە 10/9/2011 دەست پێ بکات.
لەمبارەیەوە ئیسماعیل بەرزنجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێکدا رایگەیاند: ئەمساڵ دەوامی فەرمی پێنج رۆژ پێشدەخرێت و، لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەزارەتی پەروەردەو بەئامادەبوونی راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی ناو دیوانی وەزارەت و پارێزگاکان، بڕیاردراوە بۆ بەرژەوەندی سەرخستنی پرۆسەی نوێی خوێندن، دەوامی فەرمی قوتابخانەو خوێندنگەکان لە 10/9/2011 دەستپێدەکات، تا دەرفەتی زیاتر بە قوتابی و خوێندکارو مامۆستایانی خۆشەویست بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی لەکات و ساتی دیاری کراودا پرۆگرامی نوێی پەروەردەیی، بەتایبەتیش بابەتە زانستییەکان تەواو بکرێت.
