نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له ئه‌مریكا به‌شداری له‌كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی سندوقی داپۆشینی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌كات
قوباد تاڵه‌بانی، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریكا، له‌میانی به‌شداریكردنی له ده‌یه‌مین كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی تایبه‌ت به‌سندوقی داپۆشینی نێوده‌وڵه‌تی (صندوق التحوط)، (Hedge Fund Symposium) له‌مه‌نهاتن كه ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌وره وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌مریكا و جیهان ئاماده‌یبون، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو ئاماژه‌یكرد بۆ بواری وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان كه‌هه‌لێكی گونجاو له‌باری تیادا ره‌خساوه‌و هانی وه‌به‌رهێنه‌رانیشیدا كه له‌هه‌رێمی كوردستاندا كاربكه‌ن و سه‌رمایه‌كانیان به‌گه‌ر بخه‌ن.
قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه له‌رابردوودا هه‌نگاوی گه‌وره‌مان بریوه، ئێستاش له قۆناغێكی گه‌شه‌ی ئابوریی به‌رچاوداین و پێشبینی گه‌شه‌كردنی زیاتریش ده‌كرێت به پشتبه‌ستن به‌توانا مرۆیی و سه‌رچاوه‌ی سامانه سروشتیيه‌كانی خۆمان تا گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوری هه‌رێمه‌که‌مان بگه‌یه‌نینه ئاستێکی پێشكه‌وتوو.
له‌و بواره‌شدا نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مریكا به وه‌به‌رهێنه‌رانی راگه‌یاند كه كۆمپانیا ئه‌مریكیيه‌كان له بواری سامانی سروشتی‌دا جێ ده‌ستیان له هه‌رێمی كوردستان دیاره‌و ستایشی هه‌وڵی ئه‌و كۆمپانیایانه‌شی كرد، داواشیكرد كه له بواره‌كانی تریشدا كۆمپانیاكانى ئه‌مریكا به‌شداربن له وه‌به‌رهێنان به‌تایبه‌ت که‌رتی خزمه‌تگوزارییه داراییه‌کان ئه‌وه‌ش بۆ زیاتر گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی هه‌رێمه‌که‌مان.
له به‌شێكی تری وته‌كانیدا قوباد تاڵه‌بانی به‌ئاماده‌بووانی راگه‌یاند که هه‌لی سه‌ره‌کی تر له ئارادایه بۆ گه‌شه‌ی ئابوریی کوردستان له‌بواری خزمه‌تگوزارییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌و گه‌شتیاری و ته‌کنه‌لۆجیای زانیاری، بۆ ئه‌وه‌ش رایگه‌یاند به‌و پێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی جوگرافیی تاییه‌ت و گرنگی هه‌یه‌و رێژه‌ی به‌رزی دانیشتووانه‌که‌شی که زۆربه‌یان گه‌نج و رۆشنبیرن ده‌توانێت ببێت به ده‌روازه‌یه‌کی گرنگ بۆ گه‌شه‌و خزمه‌تگوزارییه‌کانی ته‌کنه‌لۆجیای زانیاری له ئایینده‌دا.
سندوقی داپۆشینی نێوده‌وڵه‌تی ساڵانه كۆنگره‌ی خۆی له‌ئه‌مریكا ده‌به‌ستێت به‌مه‌به‌ستی روبه‌روبونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی قه‌یرانی دارایی جیهان له رێگه‌ی شێوازی تایبه‌ت به وه‌به‌رهێنانه‌وه .
